
شۆخ وشەنگ- بۆ كچێكی ڕەشپۆش-خۆشەویستم - لە هۆنراوی یاسین محمەد دیارییە بۆ خوێنەرانی بۆنەکان
خۆشەویستم،
جەستەم مۆمە
ئەوینی تۆش بڵێسەیە
بمسوتێنە !
بەدەم گڕی ئەوینتەوە
بابۆ جارێ بتوێمەوە
بەدەم ئازاری بونمەوە
چەندەیەكە ئەتلێمەوە.
2
خۆشەویستم،
دەبا هەردوو تەنیا جارێ ،
بۆ پەروانە ڕووگەیەك بین.
ئەوسا ئیدی تا هەتایە،
سیمبولێكین لەنێو دڵی
عاشقانی ئەم دنیایە.
3
خۆشەویستم،
ئەو پەروانە باڵ سووتاوە،
ڕەمزی عەشقی من و تۆیە !
لەسەفەری عەشقی ئێمە بەجێماوە.
4
خۆشەویستم،
لەئاتەشگەی تاریكایی خەیاڵمدا
عەیامێكە كزو بێدەنگ ڕاوەستاوم!
چاوەڕوانم،
گڕ و كڵپەی ئەوینداریت،
بێتەوە بەر هەردوو چاوم.
5
خۆشەویستم،
بە ئەوینت هێدی هێدی دەتوێمەوە
بۆ نەسوتێم لەپێناوی عەشقێكا؟
كە شەوەزەنگ ڕوناك بكا.
بۆ كچێكی ڕەشپۆش
(یاسین محمد)
ئازیزەكەم
ئەگەر ئەوین دەتهێنێتە سەر گۆڕەكەم
تكادەكەم
بڕۆ وێڵبە بەدوای خوێنی گەشی ونما
لەسەر چیا بڵندەكان
لە هەوراز و لە نشێوا
لە ناوەندی سنورەكان
لە هەرخاكێ خوێنی منت دۆزیەوە
نەمامی هیوا بڕوێنە
هەر لەوێدا شورایەكی پۆڵاینی بەدەوردا بنەخشێنە.
ڕەشپۆشەكەم
ئەگەر ئەوین دەتهێنێتە سەر گۆڕەكەم
تكادەكەم
بڕۆ وێڵبە بەدوای بۆنی منا
لەجێژوانمان
لەبن بەرد و لە ئەشكەوتان
لە هەرجێیەك بۆنی منت ناسیەوە
تێر ماچیكە
یادەوەری ساڵانی زووی پێباسبكە.
ئازیزەكەم
ئەوێ ڕۆژێ من تامەزرۆی ئەوینت بووم
تكادەكەم ئەمێستاكە
بەدوای مانای ئەوینداری منا وێڵبە
ڕووە و ئاسۆ و كێوی بڕوا
ئەسپی هیوای لێتاوبدە.
ڕەشپۆشەكەم
من شەهیدبووم لەپێناوی ئازادی تۆ
تكادەكەم
وەفاداری خۆت بنوێنە
تادەتوانی ڕوو لە جیهان
پەیامەكەم بگەیەنە.
ئازیزەكەم
ئەگەر ئێستاش وەكو جاران خۆشت دەوێم
باگۆڕەكەم دوور بێ لەوان
باگۆڕەكەم سەنگەرت بێ بۆ بەرگری
دواسنووربێ بۆ نیشتیمان.
.....
شۆخ وشەنگ
یاسین محمد
هەروەكو چۆن كانی ڕۆشن!
دەڕوا بەرەو گۆمی لیخن
شۆخ وشەنگیت هێندە نابا
بۆكەناری مەرگ دەتبا!
ئەی شۆخەكەی قاڵبوی خۆشی
هەتاكو كەی بادە نۆشی
بۆ بێزاری لەم ژیانە؟
كەهەندێكی وەك تۆ جوانە!
تۆ دەتەوی هەربمێنی
لەناو جوانان خۆت بنوێنی
بەشۆخی خۆت دابپۆشی
سەرنجی گەنج ڕابكێشی.
لەناخیشا كرمە ڕێژی
بیرو ئەندێشە دەنێژی
وادەزانی ئەم تەمەنە
هەموو خۆشی وڕابواردنە!
چونكە خەونت هەرهێندەیە
مرۆڤ وابێ هەر بەندەیە
بەندی حەزو ئارەزووە
ساتی تەمەن لەلای زووە.
دەربەس نایە بەدوای ڕاكا
چوون زەمەن لای تێپەڕناكا.
هەموو ڕۆژێكی وەك یەكە
هەموو ساتێكیشی پەكە.
ئەی شۆخەكە تۆ بڕوانە!
بۆبەرینی ئەم جیهانە
تابزانی چەن بچووكی
بەبچووكیت ئێسك سووكی
تۆ ببینە ستەمكاران
فوودراون وەك میزەڵان
بەئاسمانا دێن ودەچن
لەپڕێكدا دەیانبینی ،
دەتەقن ولەناودەچن.
ئیدی ئەی شۆخەكەی چاومەس!
تاكەی لەهیچ نابی دەربەس؟
ئیدی لەپای چی لووت بەرزی؟
خۆبادان و بەخۆنازی!
هۆنراوەی : یاسین محمد
بۆنەکان
2012-02-11



























