بەر لە دەستپێكردنی یارییەكانی جامی "كۆپا ئەمەریكا" بەشێك لە یاریزانەكانی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین بە پەشۆكاوی و ترسەوە لە ڕاگەیاندنەكان ئەوەیان دركاند كە ڕاهێنەری تانگۆ (سێرجیۆ باتیستا) دەیەوێت لەم پاڵەوانیەتییەدا لەسەر ڕیتم و شێوازی یانەی بەرشلۆنە یاریی بكات، هەر ئەو كاتیش یاریزانی یانەی بەرشلۆنە و كاپتنی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین (ماسكیرانۆ) ئەم كارەی بە مەترسییەكی گەورە وەسف كرد و ڕاهێنەرەكەشی لە ئەگەری تێكشكاندنی ئەم پلانەی ئاگادار كردەوە.
هەموومان پەلەمان بوو بۆ ئەوەی ببینین كە ئایا (باتیستا) دەتوانێت لە تاقیكردنەوەی تەكنیك و پلانی بەرشلۆنە لە جامی "كۆپا ئەمەریكا" سەركەوتوو دەبێت؟
بەڵام كاتێك (مێسی و ماسكیرانۆ، ئەگوێڕۆ، تێڤێز، دی ماریا...)ـمان دەبینی، هەموو گومانەكان دەڕەوینەوە و تاڕاددەیەك ئەو ڕایەمان لا درووست دەبوو كە ڕەنگە ئەرژەنتین بتوانێت بە بوونی ئەو هەموو ئەستێرانە هەنگاوەكانی یانەی بەرشلۆنە هەڵبگرێت، بەڵام لە یەكەمین تاقیكردنەوەی (باتیستا)ـدا لە دژی بۆلیڤیا كە یەكێكە لە هەڵبژاردەی لاوازەكانی ئەو پاڵەوانیەتییە، دەركەوت كە كۆپیكردنی شێوازی یانەی بەرشلۆنە تا ئێستا بە هیچ ڕاهێنەرێك نەكراوە و ئەم كارەیش لە شێوەی مەتەڵێكی وەرزشیدا ماوەتەوە، پێشتریش (ئارسن ڤینگەر، فابیۆ كاپێللۆ و ئەلێكس فێرگسۆن)ـیش سەریان لەم هاوكێشەیە دەرنەچوو، هەر بۆیە لە كۆپیكردنی ستایلی بەرشلۆنە شكستیان هێنا.
ئەوەی یاریی ئەرژەنتین و بۆلیڤیای بینی بێ، دەزانێت كە كۆی پلان و قسەكانی (باتیستا) جگە لە پێكەنین و نوكتەیەكی وەرزشی، هیچ واتایەكی دیكەی نەبوو.
ئەو ڕاهێنەرە دڵی بەوە خۆش بوو كە (مێسی) بەرشلۆنەی لەگەڵدایە، بەڵام بیری لەوە نەكردەوە كە (چاڤی، ئینێستا، ئالڤێس، پیدرۆ....)ـی نییە، ئەوەیشی لە بیر چوو كە ئەوەی ئەو یاریزانانە لەنێو یاریگە نماییشی دەكەن، بە (باریخا، زانیتی، بۆردیسۆ و لاڤێزی) ناكرێت كە ئەو ڕاهێنەرە دەیەوێت بەو یاریزانانە سیناریۆی قوتابخانە كەتالۆنییەكەی پێ دووبارە بكاتەوە. ئاخر خۆ كۆی كێشەكەیش تەنیا ئەوە نییە كە ئەو ڕاهێنەرە (چاڤی، ئینیستا، پیۆڵ پیدڕۆ)ـی نییە، بەڵكوو ئەو یاریزانانەیش ڕەنگە لە غیابی (پێپ گواردیۆلا)ـدا لە ئاستی خۆیاندا نەبن.
هەڵەكانی (باتیستا)ـی تەمەن 48 ساڵان، هەر لە نیوەی یەكەمی یارییەكەی نێوان ئەرژەنتین و بۆلیڤیا دەستی پێ كرد، بە تایبەتی كە هەست كرا ئەو ڕاهێنەرە لە ژێر كاریگەریی سۆز و خۆشەویستی بۆ یانەی بەرشلۆنە، پێكهاتەی هەڵبژاردەكەی دەستنیشان كردووە و بە ئاشكرایش سووكە دژایەتییەكی بۆ یانەی ڕیال مەدرید پێشان دا كاتێك لە سەرەتای یارییەكەدا هەریەك لە یاریزانانی یانەی ڕیال (دی ماریا، هیگواین، گاگۆ و گارا)ـی لەسەر كورسیی یەدەگ ڕیز كردبوون، لە بەرانبەر ئەوەیشدا، (مێسی، ماسكیرانۆ و گابرێل میللیتۆ)ـی لە پێكهاتەی سەرەكیی یارییەكە بوون، دڵنیایشم ئەگەر یاریزانی دیكەیشی تەنانەت لە پێكهاتەی دووەمی یانەی بەرشلۆنەیش هەبا، وەك یاریزانێكی سەرەكی لە هەڵبژاردەی ئەرژەنتین یاریی پێ دەكرد، بەڵام لە نیوەی دووەمی یارییەكەدا یاریزانە نەناسراوەكانی تیپی بەرانبەر وانەیەكی وا بەسوودیان بە (باتیستا) بەخشی كە جارێكی دیكە هەڵەی وا دووبارە نەكاتەوە و بە شێوەیەك شەرم بكات لەوەی كە لافی ئەوە لێ بدات كە ئەو پەیمانگە كەتالۆنییەی كە (گواردیۆلا) لە ماوەی 6 ساڵی ڕابردوودا كاری بۆ كردووە و بنیاتی ناوە، ئەو دەتوانێت لە ماوەیەكی كورتدا و تەنیا لە پاڵەوانیەتییەكی چەند ڕۆژەدا كاری پێ بكات، هەر بۆیە كاتێك (باتیستا) هەستی بە شكستخواردوویی كرد، هەر زوو لە نیوەی دووەمی یارییەكەدا بۆ ئەوەی زەرە لە نێوە بگەڕێتەوە، وازی لە بیركردنەوەی هەرزەكارانە و لایەنی عاتیفە هێنا و پەنای بۆ (دی ماریا) برد، بەڵام بەهۆی بێسەروبەریی پلانی یاریكردنی، نەیتوانی لە بەردەم هەوادارێكی زۆری وڵاتەكەی متمانەیەكی گەورە بە خۆی ببەخشێت و بیسەلمێنێت كە ئەرژەنتین بۆ بردنەوەی نازناوەكە پاڵێوراوێكی بەهێزە و دیسان بەرگشینەكانی وڵاتەكەی بە نیگەرانی و گومان هێشتەوە.
جگە لەوەیش ئەوەی كە ئێمە لەو یارییەدا بینیمان، نەبووبی تواناكانی (باتیستا) بوو، بەڵكوو هێزی ئەرژەنتینییەكان لەو یارییەدا لەسەر توانای تاكەكەسیی یاریزانەكان بوو، بۆیە دڵنیام ئەگەر ئەو ڕاهێنەرە فریای خۆی نەكەوێت، ڕەنگە نەتوانێت ئەرژەنتینییەكان لەم قۆناغەیش ڕزگار بكات.
لە كۆتاییدا جارێكی دیكە بە كۆی دەنگ هاوڕاین لەسەر ئەو ڕایەی كە بڵێین (مێسی) بەرشلۆنە و (مێسی) ئەرژەنتین، تا ئێستایش باڵانس و ئاستی ئەو دوو (مێسی)ـیە بە قەت ئاسمان و زەوی لە یەكدی دوورن، هەروەها كۆپیكردنی بەرشلۆنەیش بە شێوەی هێڵی سوور ماوەتەوە و دەست بۆبردنی بڤەیە..
نووسینی : ئهسعهد ئیسماعیل



























