ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به ده‌ستگیرانه‌كه‌ت ده‌ده‌یت، ئه‌یانبه‌یته سه‌ر؟
ده‌ستگیرانی یه‌كێكه له‌و پرۆسانه‌ی ڕه‌نگه هه‌موومان پیایدا تێپه‌ڕبین‌و هه‌ریه‌كه‌شمان بۆ خۆی خه‌ون‌و هیوایه‌كی هه‌یه تا له‌و پرۆسه‌یه‌دا بیهێنێته‌دی، به‌ڵام هه‌رگیز له‌خۆت پرسیوه، ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی له‌و كاته‌دا به ده‌ستگیرانه‌كه‌تت داوه، له دواتردا چه‌ندیت هێناوه‌ته‌دی‌و چه‌ندیشیانت فه‌رامۆشكردووه، یان ئاماده‌یت له‌ئێستادا به‌ڵێنه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ت جێبه‌جێبكه‌یت؟
له كوردستان ماوه‌ی ده‌سگیرانداری به‌پێی ڕێكه‌وتنی خێزانه‌كان ده‌گۆڕێت‌و له هه‌فته‌یه‌كه‌وه بۆ ساڵێك‌و ته‌نانه‌ت دوو ساڵیش ده‌ڕوات. له‌م ماوه‌یه‌شدا، كه قۆناغێكی تایبه‌تی ژیانی هاوسه‌رگیرییه، كوڕان‌و كچانیش كۆمه‌ڵێك به‌ڵێن‌و په‌یمانی جۆراوجۆر به‌یه‌ك ده‌ده‌ن، به‌ڵام له داوی پێكهێنانی ژیانی هاوسه‌رگیر هه‌ندێك له‌و په‌یمانانه ده‌هێنرێنه‌دی‌و به‌شێكیشیان فه‌رامۆشده‌كرێن.
نزار عه‌لی، 25 ساڵ ماوه‌ی ساڵێك ده‌ستگیراندار بووه‌و ئێستاش دوو ساڵه ژیانی هاوسه‌رگیریی پێكهێناوه، ده‌ستگیرانی لای ئه‌م گه‌نجه، جوانترین پرۆسه‌و باشترین كاته بۆ لێك گه‌یشتنی هاوسه‌ره‌كان. ئه‌و ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ ده‌ستگیرانه‌كه‌مدا به‌خۆشه‌ویستی به‌یه‌ك گه‌یشتین، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه زۆر كات به‌ڵێنی قه‌به قه‌به‌مان به یه‌كدی داوه‌و كردووه‌و خه‌یاڵ‌و مێشكی خۆمان پێ ئاسوده‌كردووه‌و بۆ چه‌ند ساتێك خۆمان به‌دورگرتوه له واقیع و باسی ژیانێكی ئه‌فوسناویمان بۆ یه‌كدی كردوه" ئه‌م كوڕه باسی له هه‌ندێك له‌و قسانه كردوو وتی: "به ده‌ستگیرانه‌كه‌مم ده‌وت، جوانترین ئاهه‌نگت بۆ ده‌كه‌م كه له‌دنیادا نه‌كرابێ، ئاهه‌نگه‌كه‌شمان له ولاتێكی ئه‌وروپی ده‌كه‌ین"
به‌لام وه‌ك نزار وتی ئه‌وان ئاهه‌نگیان كرد، به‌ڵام هه‌ر له سلێمانی و ئاهه‌نگێكی ساده‌ش بوو.
به‌شێك له‌و كچ‌و كوڕانه‌ی ژیانی هاوسه‌رگیرییان پێكهێناوه، ماوه‌یه‌كی كه‌م له ژیانی ده‌سگیرانیدابوون‌و وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن، بواری ئه‌وه‌یان نه‌بوه به‌ڵێنی گه‌وره به‌یه‌ك بده‌ن و نه‌شی به‌نه سه‌ر.
لاڤه ئیسماعیل 36 ساڵ ده‌ڵێت"له كاتی ده‌زگیرانیدا (2)به‌ڵێنی پێدام كه‌من بڕوام به‌وه نه‌ده‌كرد بتوانێ بیهێنێته‌دی، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه وتی تاكو پێكه‌وه‌ین ڕِێزی یه‌كتری ده‌گرین‌و قسه‌ی ناشرین به‌یه‌كدی ناڵێین، خۆشبه‌ختانه‌ش ئه‌م به‌ڵێنه‌ی هێنایه دی"
لاڤه پێیوایه، كه مه‌رج نییه هه‌مووكه‌سێك بتوانێ به‌ڵێن بهێنێته‌دی چونكه "ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه تا چه‌ند به‌ڵێنه‌كان واقیعن‌و له‌گه‌ڵ توانای كه‌سه‌كاندا ده‌گونجێن، به‌ڵام پێویسته له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی تازه ده‌چنه ژیانی ده‌زگیرانیه‌وه، ئه‌وه‌نده به‌ڵێنبده‌ن، له‌ئاستی ئه‌وه‌دابێ كه له پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریدا بێته‌دی"
مه‌ستان قادریش، یه‌كێكه له‌و كچانه‌ی ماوه‌ی 3ساڵه چۆته نێو ژیانی هاوسه‌رگیرییه‌وه‌و وه‌كو خۆشی ده‌ڵێت، به‌خۆشه‌ویستی ژیانی هاوسه‌رگیریان پێكهێناوه‌و به‌شێك له‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌یه‌كیشیانداوه، كردویانه به واقیع. مه‌ستان وتی: "وه‌كو هه‌موو گه‌نجه‌كانی دیكه، به‌ڵیچنی زۆرمان ده‌دا به‌یه‌كدی، به‌ڵام جوانترینیان ئه‌وه‌بوو تائێستا ڕاستگۆین و یه‌كترمان خۆشده‌وێ." به‌وته‌ی ئه‌م كچه، چه‌ند به‌شێك له‌و په‌یمانانه كه له‌و كاته‌دا به‌یه‌كیان داوه نه‌هاتۆته‌دی. ئه‌و وتی: "ئه‌و به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دا كه له‌سه‌ر هیچ شتێك توره‌نابێت‌و دڵگران نابێ، به‌ڵام به‌بچوكتیرن شت توڕه‌ده‌بێ، له‌كاتێكدا به‌رده‌وام له ده‌سگیرانیدا ده‌یوت (چۆن دڵم دێت له تاقانه‌كه‌م توڕه‌بم)."
به‌وته‌ی عه‌باس كاوه، ده‌رچووی به‌شی كۆمه‌ڵناسی زانكۆی سلێمانی، قۆناغی ده‌سگیرانداری، قۆناغێكی گرنگ‌و هه‌ستیاره له ژیانی هاوسه‌رگیریداو پێویسته ئه‌و كه‌سانه‌ی ژیانی هاوسه‌رگیری پێكده‌هێنن، به وریایه‌وه مامه‌ڵه‌بكه‌ن. ئه‌م توێژه‌ره وتی: "له‌ماوه‌ی ده‌سگیرانداریدا كچ‌و كوڕ له‌وه دڵنیان كه بۆ یه‌كتری ده‌بن‌و قورسه لێكدی جیاببنه‌وه. بۆیه له‌و ماوه‌یه‌دا زۆر لایه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌ی ماوه‌ی خۆشه‌ویستیه‌وه، كه له‌و كاته‌دا ره‌نگه هیچكام له كچ‌و كوڕ ڕووی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌رنه‌خات‌و به‌جوانی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ یه‌كدیدا بكه‌ن."
ئه‌م توێژه‌ره له‌باره‌ی ئه‌و قسه‌و په‌یمانانه‌ی كه له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌سگیرانداره‌كان بۆ یه‌كدی ده‌كه‌ن، وتی: "به‌وپێیه‌ی قۆناغی ده‌سگیرانداری سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی ژیانی هاوسه‌رگیرییه، زۆر جار چ كچ‌و چ كوڕ بۆ زیاتر جوانكردنی وێنه‌ی خۆیان لای یه‌كدی په‌یمان به‌یه‌كدی ده‌ده‌ن‌و زۆرجار ئه‌و په‌یمانانه‌ش به‌جۆرێك گه‌وره‌یه كه جێبه‌جێكردنیان ئه‌سته‌مه، به‌ڵام گرنگه كه هه‌ردوولا بتوانن خۆیان له‌و جۆره په‌یمانانه به‌دووربگرن كه ناتوانن بیهیننه دی، چونكه له دواتر‌و ژیانی هاوسه‌رگیریدا ڕِه‌نگه ببێته هۆی نه‌مانی متمانه به‌یه‌كدی."
شاد محه‌مه‌د - ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ



























