Sunday, 14 August 2011 21:15
|
خانمەهونەرمەندی ئەكتەری بواری نواندن (شەم فوئاد حەمەئەمین ئاغا) لە ساڵی 1984 لە شاری بەغدا لە دایك بووە.
لە تەمەنی 10 ساڵی چووەتە هۆڵەندا و لەوێ دیبلۆمی لە بواری دیكۆری ناو ماڵدا وەرگرتووە و چەند كارێكی هونەری لەم وڵاتە ئەنجام داوە وەك چەند كارێكی (شانۆیی و گرووپی هەڵپەڕكێ).
لە ساڵی 2003ـدا ژیانی هاوسەری لەگەڵ هونەرمەند (ئاكۆ سیرینی) پێك هێناوە و دیارترین كاری نواندنیشی بەشدارییكردنیەتی لە زنجیرەدرامای “ڕەیحانە”ـدا كە ئێستاكە لە شاشەی “كوردستانtv”ـیەوە نماییش دەكرێت.
لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ڕۆژنامهی“هەولێر”، تیشكی خستە سەر بەشدارییكردنی لەو زنجیرەدرامایە و چەند لایەنێك لە كارە هونەرییەكانی. بۆنهکانیش به سوپاسهوه بۆ ڕۆژنامهی ناوبراو دیمانهکه وهک خۆی بڵاو دهکاتهوه
* وەك دەزانین تۆ لە بنەماڵەیەكی دەرەبەگدا لەدایك بووی و ئێستایش لە “ڕەێحانە”ـدا لەنێوان بەرداشی دوو ئاغادا خەریكە دەهاڕێیت و دژیشیان دەوەستێتەوە، ئەوە وای نەكردووە بنەماڵەكەت نیگەران بێت؟
-ڕاستە بنەماڵەكان ئاغا بوون، بەڵام لە كۆنەوە باپیرەگەورەم (حاجی عەبدوڵڵاـی درێژ) كە گۆڕەكەی لە ناو مزگەوتی گەورەدایە لە سلێمانی، لەسەر وەسییەتی كاك (ئەحمەدی شێخ) لەوێ نێژراوە و یەكێك بوون لەو كەسانەی لە گەڵ (بابان)ـەكان هاتوونەتە سلێمانی و وازیان لە موڵكایەتی هێناوە.
باپیرم كە ناوی (حمەئەمین ئاغا)ـیە، كەسێكی هۆشیار بووە و وازی لە ئاغایەتی هێناوە و كوڕەكانیشی خستووەتە بەر خوێندن و توانیویانە پلەی بەرز بە دەست بهێنن. ئێمە هەرگیز هەستمان نەكردووە كە منداڵی ئاغا بین و ئەو مەسەلەیە لە ماڵی ئێمەدا تەنیا وەك نازناوێك بۆمان ماوەتەوە.
* كاتێك پڕۆژەی بەشدارییكردنت لە زنجیرەدرامای “ڕەیحانە”دا هاتە بەردەست، بڕیاردانت لە سەر چ بنەمایەك بوو؟
ــ دوای ئەوەی هونەرمەند (لوقمان غەریب) پڕۆژەكەی لەگەڵ باس كردم، سیناریۆكەم لێ وەرگرت و دوای خوێندنەوە و ڕاوێژ لەگەڵ كەسانی نزیك خۆم، بڕیاری ئەوەم دا كە ئەو ڕۆڵە ببینم و لە لام كارێكی باش و جوان بوو.”
*دەستنیشانكردنی ئەو ڕۆڵە لەسەر داواكاریی دەرهێنەری دراماكە هونەرمەند (لوقمان غەریب) بوو یان خۆت حەزت لە ڕۆڵێكی سەرەكیی دراماكە بوو؟
ــ دەرهێنەر (لوقمان غەریب) خۆی منی بۆ ئەو ڕۆڵە هەڵبژارد.
* تۆ بۆ یەكەم جارە لە كارێكی درامیدا بەشداریی دەكەیت، لە كاتێكدا ئەو درامایە ژمارەی ئەڵقەكانی زۆرن و پڕە لە ڕووداوی جۆراوجۆر، ئایا ئەو كارە بۆ تۆ سەخت نەبوو؟
ــ بێگومان كارێكی سەخت بوو و ئاسان نەبوو ڕۆڵێكی سەرەكی لە درامایەكی ئاوا درێژدا بەرجەستە بكەیت، بەڵام درهێنەری دراماكە كاك (لوقمان) و هەروەها مامۆستا (شاناز) كە لە دراماكەدا ڕۆڵی (شەربەت) دەبینێت، زۆر هاوكارم بوون، بە تایبەت لە ڕووی زمان و لەبەركردنی دیالۆگەوە كە زۆر سوپاسیان دەكەم.
* هیچ ڕۆڵێك لە درامایەكی دیكەدا هەبووە كە پێشتر حەزت كردبێت تۆ ئەو ڕۆڵە ببینیت بۆ ئەوەی زۆر بناسرێیت، یانی ئیرەییت نەبردووە بە هیچ كاراكتەرێكی دیكە؟
ــ هەرگیز ئیرەییم بە كەس نەبردووە، بەڵام بە كاری هەندێ لە ئەكتەرەكان سەرسام بووم، وەك هونەرمەند (ڕێزان فەرەج) كە لە “گەردەلوول”ـدا ڕۆڵی (نەسرین) دەبینێت كە بووكێكی هارە و حەز دەكەم منیش وەك ئەوان لە ڕۆڵبینیندا بەتوانا بم.”
*ئەگەر لە لایەن دەرهێنەرەوە ڕۆڵی (ڕەیحانەت) بۆ دیاری نەكرابایە، حەزت دەكرد چ ڕۆڵێكی دیكەت هەبێ لەو درامایەدا؟
ــ ئەگەر تەمەنم گونجاو بووایە، حەزم لە ڕۆڵی (دولبەر) یا (شەربەت) دەبوو، بەڵام ڕۆڵی (ڕەیحانە)ـم زۆر خۆش ویستووە و پەشیمان نیم لێی و بە ڕۆڵێكی جوانی دەزانم كە بەرجەستەم كردووە.
*ئەگەر بۆ پڕۆژەی داهاتووی دەرهێنەر (لوقمان غەریب) داوات لێ بكاتەوە بەشداریی بكەیت، بەشداری دەكەیت؟
ــ ئەگەر پڕۆژە بخاتە بەردەستم و سیناریۆكەیم بە دڵ بێت و لەگەڵ خۆم بگونجێ، بەڵێ بەشداریی لەگەڵ دەكەمەوە.
*ئێستا كە تەماشای زنجیرەدراماكە دەكەیت، ناترسیت خەڵك لە ڕۆڵەكەت ڕازی نەبن؟ ــ سەرەتا دوودڵ بووم، چونكە نەمدەزانی تا چەند بە باشی ڕۆڵەكەم بەرجەستە كردووە، بەڵام كە لە خەڵكم بیستەوە ڕازین، بە ڕۆڵەكەم زۆر ئاسوودە و دڵخۆش بووم.
* پێت وایە بایەخدان بەم جۆرە دراما خۆماڵییانە تا چەند پێویستە لە ئێستادا، لە كاتێكدا دەبینین كۆمەڵێك درامای بیانی شاشەی تەلەڤزیۆنە كوردییەكانیان داگیر كردووە؟
ــ دیارە هەموو كارێك پێویستی بە پاڵپشتیی ماددی و مەعنەوی هەیە، بە داخەوە درامای كوردی زۆر پشتیوانی لێ ناكرێت، بۆیە بەرهەمیشمان كەمە و كاری دۆبلاژ بە پارەیەكی كەمتر بەرهەم دەهێنن و ئەم بۆشاییەی پڕ كردووەتەوە كە ڕەنگە ئەم كارانە هەندێك جار لە ئاست خواستەكانی كۆمەڵگەی ئێمەدا نەبن، بەڵام هەندێكیشیان سەركەوتوو بوون و خەڵك حەز بە بینینیان دەكەن.
* پێشبینی دەكەیت كە دوای تەواوبوونی “ڕەیحانە” تۆیش ئۆتۆمبێلێكت بە ناو بكرێت، هەر وەك پێشتر ئەو حاڵەتە ڕووی داوە؟
ــ بە بڕوای من ئەم دیاردەیە زۆر ناشیرینە. دەبێت هۆشیاریی كۆمەڵگەكەمان بگاتە ئاستێك كە چیتر ژن وەك كاڵا سەیر نەكرێت و ئەم دیاردەیەیش بنبڕ بكرێت و بە كارێكی باشی نازانم.
* دوای تەواوبوونی پەخشكردنی “ڕەیحانە”، لەوانەیە چەندین دەستگەی میدیایی داوای دیمانەت لێ بكەن، ئایا حەزت لەو دەركەوتنە هەیە یان ڕەتیان دەكەیتەوە؟
ــ دوای هەموو كارێك خەڵك پێویستی بەوە هەیە لەو ئەكتەرە زیاتر نزیك ببێتەوە و چەند پرسیارێك دروست بوون لای كە من دەتوانم لە ڕێی كەناڵە میدیاییەكانەوە وەڵامیان بدەمەوە، بەڵام ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێت كە هەموو ڕۆژێك بابەتی یەكەمی ڕۆژنامە و كەناڵەكانی میدیاكان بیت.
* ئێستاكە دراماكە چەند ئەڵقەیەكی پێشكەش كراوە و بەردەوامە، وەك بزانی لە دەرەوە خەڵك چۆن پێشوازیت لێ دەكەن و چ هەستێكیان بۆ تۆ هەیە؟
ــ زۆرینەی خەڵك دەستخۆشیم لێ دەكەن و هەندێكیش ڕەخنەیان لێ گرتووم كە دەتوانم بۆ كاری داهاتووم سوودیان لێ ببینم، دیارە منیش بۆ هەردوو بۆچوون سوپاسگوزارم.
*تۆ پێشتر بەشداریت لە چەند كارێكی ڤیدیۆكلیپدا كردووە، ئایا لەمەودوا ئەگەر پڕۆژەی كلیپكردنی گۆرانیت بێتە بەردەست كاری بۆ دەكەیت؟
ــ كاری ئەكتەری لە كلیپدا وەك هەر كارێكی دیكەی هونەرییە و لە دوای تەواوبوونی وێنەگرتنم لە درامای “ڕەیحانە”ـدا، لە كلیپێك بۆ ئاڵای كوردستان ڕۆڵم بینی وەك ژنە شەهیدێك كە سروودەكە لە گوتنی هونەرمەند (ناسری ڕەزازی ) و دەرهێنانی هاوسەرەكەم (ئاكۆ سیرینی)ـیە.
|
|
| |
