
لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، نێرگەلەكێشانی ئافرەتان دیاردەیەكی نامۆیە و دابوونەریتەكانی كۆمەڵگەی كوردەوای بەشێوەیەكی نامۆ تەماشای دەكەن، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا نێرگەلەكێشان لە نێو ئافرتاندا بوووەتە دیاردەیەكی باو و زۆربەی ئافرەتان ڕۆژانە ئارەزوو دەكەن كە نێرگەلە بكێشن، بەجۆرێك بەكارهێنانی نێرگەلە لەلایەن ئافرەتانەوە ڕۆژ بەڕۆژ لەپەرەسەندندایە، هەندێكیان وەكوو چاولێكەرییەك بە كاری دەهێنن، بەشێكی دیكەیشان بۆ ڕاكێشانی سەرنجی پیاوان، هەندێكی تریان وەكوو نەریتێكە و ناتوانن وازی لێ بهێنن.
بۆ ئەوەی سەرنجی كوڕ بۆخۆت ڕابكێشیت نێرگەلە بكێشە
بەشێكی زۆری كچانی هەرزەكار بۆ سەرنجڕاكێشانی پیاوان نێرگەلە دەكێشن، لەمبارەیەوە (جوان حەسەن)ـی تەمەن 27ساڵ ئاماژەی بەوەدا كە زۆربەی كچان ئارەزوو دەكەن پیاوان تەماشایان بكەن، بۆ ڕاكێشانی سەرنجی پیاوان نێرگەلە باشترین هۆكارە.
(جوان)، باسی سەرەتای فێربوونی بە نێرگەلە دەكات و دەڵێت: "تەمەنم 11 ساڵان بوو لە دایكمەوە فێری جگەرەكێشان بووم، ئەو كاتەی جگەرەم دەكێشا بە بەردەوامی كوڕانی دەورووبەری خۆم سەیریان دەكردم، بەڵام ئێستا چونكە كچی جگەرەكێش زۆربووە پیاو تەماشام ناكات، بەڵام كە كچێك لە كافتریایەكدا نێرگەلە دەكێشیت سەرنجی هەموو پیاوەكان بۆخۆی ڕادەكێشێت، ئەمە بێجگە لەوەی نێرگەلە خۆشییەكەی لە جگەرە زیاترە.
(تروسكە زێوەر)ـی تەمەن بیست وپێنج ساڵ وەكوو خۆی گوتی پێشتر لەبەغدا ژیاوە و فێری نێرگەلەكێشان بووە، ئەویش سەبارەت بە چۆنییەتی خووگرتنی بە نێرگەلەوە، دەڵێت :"شەوانە بۆ كات بەسەربردن لەگەڵ هاوڕێكانمدا بۆ ڕێستۆرانتەكان دەڕۆیشتین و نێرگەلەمان دەكێشا، دوای هاتنەوەیشمان بۆ هەولێر هەر لە كێشانی نێرگەلە بەردەوام بووم، ئێستا دوو هاوڕێی ئافرەتی عەرەبم هەیە كە شەوانە بەیەكەوە دەچین بۆ ڕێستوورانتەكان و نێرگەلە دەكێشین."
بەشێكی زۆری كچە هەرزەكارەكان بە نهێنی و بەبێ ئاگاداری كەسوكارییان نێرگەلە دەكێشن لەم بارەیەوە (چنار)، كە كچێكی 21 ساڵە، وەكوو خۆیشی باسی لێوە كرد، نێرگەلە دەكێشێت و دەڵێت: "زۆربەی جار لە كافتریاكاندا لەگەڵ برادەرە عەرەبەكانمدا نێرگەلە دەكێشم، بەڵام تاوەكوو ئێستا نەمهێشتووە باوك و براكانم بزانن،چونكە ئەگەر ئەوان بزانن سزام دەدەن."
سەبارەت بە تووشبوونی بە كێشەوگیرگرفت لە ڕێستورانتەكاندا لەكاتی نێرگەلەكێشاندا، ئەو كچە ئاماژەی بەوەدا زۆرجار لەكاتی كێشانی نێرگەلەدا كوڕان داوای ژمارەی مۆبایلیان لێ كردووە، كێشەیان بۆدروستكردووە، تەنانەت جارێكان كوڕێك خەریك بوو دەستدرێژیم بكاتە سەر و هەڕەشەی لێ كردم .
(میادە عومەر) كچێكی تەمەن 26 ساڵە و ئەو ئاماژە بەوە دەكات كە خەڵكی بەغدایە و ئێستا نێرگەلە و جگەرەیش دەكێشت، گوتی:"
لەو كاتەی جگەرەم تەرك كردووە فێری نێرگەلەكێشان بووم، بەڵام نێرگەلەكە لە جگەرەكە خراپترە، زیانی زۆری هەیە، بەڵام تازە فێری بووم بۆم تەرك ناكرێ."
ئەو كچە وەكوو خۆی باسی دەكات چووەتە لای پزیشك و پزیشكەكە پێی گوتووە ئەگەر یەك نێرگەلە بكێشیت وەكو وایە یەك پاكەت جگەرەت كێشا بێت، لەهەمان كاتدا (میادە)، ددان بەوەدا دەنێت كە لەڕووی ماددییەوە زیانی پێگەییشتووە، چونكە یەك نێرگەلە بەشەش تا حەوت هەزار دینارە وخەرجیی شەوێكی چوونە دەرەوەی دەگاتە چل هەزار دینار، ئەمەیش هەموو شەوێك دووبارە دەبێتەوە.
بەپێچەوانەوەی هەندێكی دیكە لە ئافرەتان هەن، كە بەنەریتێكی نادروستی دەزانن و پێیان وایە نێرگەلە كێشان زۆر دوورە لە دابونەریتی كوردەوارییەوە.
لەمبارەیەوە (شۆخان مەحموود)، پێیوایە نێرگەلە كێشانی ئافرەتان شتێكی ناپەسەندە ودوورە لە نەریتی كوردەوارییەوە و زۆرنابەجێیە ئافرەت نێرگەلە بكێشێت، (شۆخان) پێوایە فێربوونی ئافرەتان بەم هەڵسوكەوتە جگە لە چاولێكەرییەكی كوێرانەی كۆمەڵگەی عەرەبی هیچی تر نییە.
خاوەنی كافتریای (سفیر)، لە شارۆچكەی عەنكاوە، پێیوایە بەهۆی چاولێكەری كچە عەرەبەكانەوە كچە كوردەكانیش فێری كێشانی نێرگەلە بوون.
ئەو خاوەن كافتریایە، كە ماوەی دوو ساڵە ئەو كارە دەكات، ئاماژە بەوە دەكات كە بەبەراورد بەساڵی ڕابردوو نێرگەلەكێشان لە لایەن كچانەوە زۆر زیادی كردووە.
بە بۆچوونی (جوان كەمال)، توێژەری كۆمەڵایەتی، زیادبوونی ڕێژەی نێرگەلەكێشانی ئافرەتان دەگەڕێتەوە بۆچاولێكەری و نێرگەلەكێشانی ئافرەتان دیاردەیەكی ناپەسەندە، چونكە كۆمەڵگەی ئێمە خاوەنی كۆمەڵێك دابوونەریتی كۆمەڵایەتی جوانە، كە پیرۆزی خۆی هەیە، ناكرێت ئافرەتێك لە كافتریایەكدا لەبەر چاوی كۆمەلێك پیاودا نێرگەلە بكێشێت، چونكە سووكایەتی بەخۆی و خێزانەكەی دەكات.
سەبارەت بەكاردانەوەی كۆمەڵگە (جوان )، دەڵێت :"نێرگەلەكێشانی ژنان دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی ناپەسەندە زۆرجار ئافرەتی نێرگەلەكیش دەكەوێتە بەرتیلوتوانجی پیاوان، یان هەندێكجار بەهۆی كێشانی نێرگەلەوە ئافرەتەكان دووچاری كێشەی كۆمەڵایەتی دەبنەوە، ئافرەت هەبووە بەهۆی نێرگەلەكێشانەوە تووشی كاری لەشفرۆشی بووە."
ناوبراو ئاماژە بەوە دەدات كە كێشانی نێرگەلە لەڕووی دەروونییەوە زیانی زۆری هەیە كە هەندێك كەس بەجۆرێك لەخودگیری تووشی دەبن ئالوودەی دەبن.
هەروەها لەڕووی ئابووریشەوە زۆربەی ئەو ئافرەتانە لەكاتی نێرگەلەكێشاندا پارەیەكی زۆر خەرج دەكەن زیان لە ئابووریی خێزانەكەیان دەدەن.
لەبارەی زیانەكانی نێرگەلەكێشان بۆ سەر تەندروستی ئافرەت و كاریگەرییەكانی لە دواڕۆژدا،دكتۆرە (هانا عوسمان)، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان دەڵێت: "كێشانی نێرگەلە لەڕووی تەندروستییەوە زیانێكی زۆری بۆ ئافرەت هەیە، بەڵام بەداخەوە ئافرەتان زیانەكانی بەهەند وەرناگرن و پێیان وایە ئەگەر بەراوردی بكەیت بە جگەرەكێشان، ئەوا نێرگەلە زیانی نییە، بەڵام هەموو توێژینەوەكان سەلماندوویانە كە لەڕووی تەندروستییەوە زیانێكی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە."
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات كە نێرگەلە و جگەرە بە ماددەی هۆشبەر ناودەبرێن و گوتیشی :" نێرگەلە لە جگەرە زۆرخراپترە، چونكە پێكهاتەكانی وەكوو جگەرە وان، بۆیە لەڕووی تەندروستییەوە هەموو ئەندامەكانی لەش دەكەونە ژێر كاریگەریی نێرگەلەوە، بێجگە لەوەی زۆرجار بەهۆی فلتەری دەمی نێرگەلەوە چەند كەسێك نەخۆشی لەیەكترەوە دەگرن سەرەڕای ئەوەیش نێرگەلە هۆیەكە بۆ بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان."
شایانی باسە بەشێكی زۆری توێژینەوە پزیشكییەكان باس لەوە دەكەن كە نێرگەلەكێشان زیانەكانی زۆر زیاترە لەزیانەكانی جگەرەو لە هەندێك لە توێژینەوەكاندا باس لەوە كراوە، نێرگەلە ئەگەر بۆ ماوەی كاتژمێرێك بیكێشیت 100 - 200 هێندەی جگەرە لەدووكەڵ و 70 ئەوەندەی جگەرەیەك لەنیكۆتین زیاترە، گەورەترین زیان بەئافرەتی دووگیان دەدات، جگەلەوەیش كە ماددەی هۆشبەرو ئالوودەكەر وەردەگرێت، بەڵام ئافرەتان هۆشیاریان زۆركەمە لە ئاست ئەم ئاماژانە، بەجۆرێك هەندێك لەو ئافرەتانەی بە كاری دەهێنن زۆرجار پێچەوانەیە وادەزانن كە نێرگەلە زیانی كەمە یان هەر نییەتی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئافرەتی نێرگەلەكێش زۆر زوو تووشی نەخۆشییەكانی سی دەبێت، بە تایبەت ئەگەر دووگیان بێت مەترسی لەسەر ژیانی كۆرپەكەی دروست دەكات، پزیشكەكان پێشبینی ئەوە دەكەن ڕەنگە منداڵەكەی كەمئەندام دەربچێت، چونكە لە زۆر كاتدا ئۆكسجین ناگاتە لای منداڵەكەی.
دیار سالار - ڕۆژنامهی ههولێر



























