یاریی بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید، ئێستا تەواوی سنوورەكانی بڕیوە، بە جۆرێك كە لە كاتی بەجێهێنانی ئەركە ئایینییەكانیشدا، هەوادارانی وەرزشی و ئەو دوو یانەیە ناتوانن خۆیان لە بینینی بێبەش بكەن.
شەو بوو، من و ھاوڕێیانم دوای ئەنجامدانی نوێژی عیشا لە مزگەوتی حەرام لە شاری مەککەی پیرۆز و کەمێک مانەوە بۆ یادی خودا، بەرەو ھۆتێلەکەم لە شەقامی (ئیجیاد) گەڕامەوە. کاتێک گەییشتمەوە ھوتێلی (ئەلسەڵاحولئیجیاد) لە شاری مەککەی پیرۆز کە نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە (مزگەوت حەڕام)ـەوە دوور دەبێت.
ھەرکە گەییشتمە ھۆڵی پێشوازیی ھوتێلەکە، بینیم ئەوە خەڵکێکی زۆر لە برای عەمرەکار و میوانانی دیکەی ھوتێلەکە لە ھۆڵەکەدا کۆبوونەتەوە، ھەندێک دانیشتبوون و ھەندێکیشیان وەستابوون و سەیری تەلەڤزیۆنیان دەکرد، ھەندێکیان بە جلوبەرگی ئاسایی و ھندێکی دیكەیان بە تراکسۆد و ھەندێک لە برای عەمرەکاریش ھەر بە شانی رووت و (ئیحرام)ـەوە وەستابوون و سەیری تەلەڤزیۆنیان دەکرد. ھەبوو لەگەڵ کاروانی خۆماندا بوو و دەمانناسی کە کورد بوون و ھەیشبوون میسری و ئەردەنی و ھیندی و پاکستانی و..ھتد بوون.
دەبێ ئەوانە سەیری چی بکەن؟ ئاخۆ شتێک رووی نەدابێت؟ ئەم ھەموو خەڵکە جۆراوجۆرە چۆنە وا ئەمشەو لێرەدا کۆبوونەوەتەوە؟ ھەر لەگەڵ سەیرکردنی شاشەی تەلەڤزیۆنەکە تێ گەییشتم مەسەلەکە چییە، یاریی نێوان ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە بوو، کلاسیکۆ بوو کلاسیکۆ، .یارییەکەیش لە چوارچێوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بوو، یارییەکەیش یاریی گەڕانەوە بوو، زۆری نەبرد بوو بە ھەڵڵا و فیکەلێدان..ھەریەکە و قسەیەکی دەکرد:
*ئەرێ چی بووە؟
-میسی گۆلێکی کرد ئەوە بەرشە یەک و ڕیال ھیچ..
-دەمزانی ریاڵ گۆڵی دەخوا
-وەڵڵا کاسیاسیان فت کرد
-ئەوە میسییە گۆڵی خۆی ھەر دەکا
-یاری تەواو نەبووە
-ئەوجا گەمە خۆش دەبی
-ئەو بەرشلۆنەیە بەختی ھەیە
-بڕوا بکە بە بەختیش نەباتەوە ناوبژیوان بۆیان دەڵێ
-گرنگ ئەوەیە ببیتەوە
ھەموو ئەو قسانە ھەندێکیان بە کوردی و ھەندێکیان بە عەرەبی دەکرا، جا نازانم برا ھیندی و پاکستانییەکانیش چییان دەگوت، ئەوانە قسەیان دەگرت و من فڕی تێ نەدەگەییشتم!
لەڕاستییدا پێشتر خۆم سەیری یاریم زۆر دەکرد و حەزیشم دەکرد کە ھەردەم ریال مەدرید بباتەوە و بەرشلۆنەیش بدۆڕێت، بەڵام ئێستا سەیری یاری ناکەم، دواتر ئەو سەفەرەی ئێمەش لە پێناو ئەنجامدانی عەمرە، بۆیە پێم باش نەبوو زیاتر کاتی خۆم بە دیار ریال و بەرشەوە بەسەر ببەم،
چەند وێنەیەکی ئەو خەڵکەی ناو ھۆڵی پێشوازیی ھوتێلەکەم گرت و ئینجا بە مەسعەدەکە سەرکەوتمە نهۆمی ھەشتەم و چوومە ژووری ٨١١ و لێی خەوتم بەو نیازەی کە بەیانی زوو بۆ نوێژی بەیانی ھەڵبستم، نەوەک نوێژەکەیشمان لەسەر ریاڵ و بەرشە دابنێین
سەباح مەجید



























