چایچییه‌ك: ئه‌گه‌ر كافتریایه‌كی تایبه‌ت به‌كچان هه‌بێت، كوڕان ئه‌و ناوه به‌رناده‌ن

دیمه‌ن حه‌سه‌ن (٢١ ساڵ) كه خوێندكاری زانكۆیه، حه‌ز ده‌كات شوێنێكی تایبه‌ت هاوشێوه‌ی كافتریا بۆ كچانیش هه‌بێت.
ئه‌و، هۆكاری ویسته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، كه »هه‌ست به‌وه نه‌كه‌ین كه كه‌مترین، بۆیه شوێنێكی تایبه‌تمان پێ ره‌وا نابینن، بۆ ئه‌وه‌ش كه له‌كاتی بێتاقه‌تیدا بتوانین سه‌ردانی بكه‌ین».
دیمه‌ن، نیگه‌رانه له‌نه‌بوونی شوێنێكی تایبه‌ت به‌كچان كه تیایدا له‌گه‌ڵ هاوڕێ هاوره‌گه‌زه‌كانیدا یه‌كتر ببینن‌و وتی »به‌رای من كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان رێگره له‌وه، چونكه له‌وانه‌یه زۆر كچ هه‌بێت حه‌زبكات له‌بری ئه‌وه‌ی له‌سۆپه‌رماركێتێكدا كاربكات، له‌شوێنێكی وا تایبه‌تدا كاربكات، وه‌یان ئه‌و كچانه‌ی ماڵه‌وه‌یان نایه‌ڵن كاربكه‌ن ئه‌وكات ده‌توانن له‌وێدا كاربكه‌ن».
ئه‌و كچه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت یه‌كه‌م خه‌ونی له‌ژیاندا ئه‌وه‌یه كه بتوانێت شوێنێكی تایبه‌ت وه‌ك كافتریایه‌ك بۆ كچان بكاته‌وه‌و ده‌ڵێت »به‌رده‌وام له‌ماڵه‌وه‌ش باسی ئه‌كه‌م, ماڵه‌وه‌ش هاوكارمن به‌ڵام ئه‌ترسم توشی قسه‌و قسه‌ڵۆك ببم».
له‌هه‌رێمی كوردستاندا، ژماره‌یه‌كی زۆر كافتریای تایبه‌ت به‌كوڕان هه‌یه‌و هه‌ندێك كافتریاش بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌زی كوڕ‌و كچه، به‌ڵام كافتریای تایبه‌ت به‌كچان نییه كه هاوشێوه‌ی كوڕ هاوڕێكانیان تیا ببینن‌و دوور له‌كه‌شی خێزانه‌كانیان ئاڵوگۆڕێك بكه‌ن به‌ژینگه‌ی ئاسایی رۆژانه‌ی ناو خێزانه‌كه‌ی یان شوێنی كاره‌كه‌ی بكات.
هه‌ندیك له‌كچان، به‌خه‌مه‌وه باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، كه كافتریایه‌كیش بكرێته‌وه تایبه‌ت به‌كچان، ناتوانن هه‌موو كاتێك له‌به‌ر كۆت‌و به‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ئاره‌زووی خۆیان سه‌ردانی بكه‌ن.
سافیا ئومێد (٢٠ ساڵ)، وێرای ئه‌وه‌ی بوونی كافتریایه‌ك كه تایبه‌ت به‌كچان بێت، به‌هه‌نگاوێكی »باش» ده‌زانێت، به‌ڵام ده‌ڵێت »بۆ من‌و ئه‌و كچانه‌ی وه‌ك منن بوونی ئه‌و كافتریایه سودی نییه، چونكه خێزانه‌كه‌م هه‌رگیز رێگه‌م ناده‌ن به‌شه‌وان بڕۆمه ده‌ره‌وه، ئه‌و شوێنانه‌ش زیاتر شه‌وانه خۆشه، به‌رۆژ له‌به‌ر ده‌وام‌و كار كه‌س پێیناكرێت بچێته كافتریا‌و دا‌نیشێت».
ساڤیا، به‌ده‌م گلییه‌وه وتی »به‌داخه‌وه بۆ دایك‌و باوكێك كه هه‌موو شتێك بۆ كوڕه‌كه‌ی به‌ره‌وا ده‌بینێت، به‌ڵام هه‌مان شت بۆ كچه‌كه‌ی به‌سه‌رشۆڕی ده‌زانیت»، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ رێدان به‌كوڕ بۆ سه‌ردان كردنی كافتریاكان له‌شه‌وانداو رێنه‌دانی هه‌مان هه‌نگاو به‌كچان.
له‌به‌رانبه‌ردا، هه‌ندێك كه كوڕانیش پشتگیری له‌بوونی كافتریایه‌كی تایبه‌ت به‌كچان ده‌كه‌ن، ئاكۆ به‌كر (٢٥ ساڵ) كه كاری دوكانداری ده‌كات، یه‌كێكه له‌و كورانه‌و ده‌ڵێت »من كه شتی كچانه ده‌فرۆشم, هه‌ستده‌كه‌م كچ له‌هه‌موو كه‌س زیاتر حه‌زی له‌هه‌ڵسوكه‌وت كردنه له‌گه‌ڵ هاوره‌گه‌زی خۆی، بۆیه شوێنێكی وه‌ك كافتریاش گونجاوه‌و پێویستییه‌كی ژیانیانه».
ئاكۆی دوكاندار، رایوایه چۆن به‌رۆژ كچان ده‌چنه هه‌ندێك كافتریا له‌كوڕیشی تیایه‌و ئاساییه به‌شه‌وانیش بچێته ده‌ره‌وه، باشتریشه كه له‌كافتریایه‌ك دابنیشیت هه‌مووی كچ بێت.
هاوكات، هه‌ندێك كوڕی تر هه‌ن كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین كافتریای تایبه‌ت به‌كچان هه‌بێت، مه‌حمود ئه‌حمه‌د (٦٢ساڵ) كه چایخانه‌یه‌كی هه‌یه‌و یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی دژ به‌بوونی كافتریایه‌كی له‌و جۆره‌یه.ئه‌و ده‌ڵێت »هه‌ر له زووه‌وه چایخانه هه‌بووه كه تایبه‌ت بووه به كوران، به‌ڵام هیچ پێمباش نییه شوێنێكی تایبه‌ت به‌كچان هه‌بێت، چونكه كچ ناسكه، به‌دڵنیاییه‌وه كه كافتریایه‌كی تایبه‌ت هه‌بێت بێگومان كوڕان ئه‌وناوه به‌رناده‌ن, هۆكه‌ی ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه پێم گونجاو نییه».
مه‌حمود، به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ مێژووی ژیانی خۆی ترسی له‌بوونی كافتریایه‌كی تایبه‌ت به‌كچان ده‌خاته‌روو، وتی »له‌سه‌رده‌می ئێمه‌دا كچ هه‌ر بۆی نه‌بوو بێته‌ده‌ره‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌یبینێت, كچ له‌و سه‌رده‌مه‌دا وه‌ك ئه‌ڵماسێكی شاراوه‌و به‌نرخ بوو, به‌داخه‌وه له‌ئێستادا كچانی ئێمه به‌خۆیان نازانن, كه زۆربه‌ی پێشكه‌وتنه‌كان زیانه بۆ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیان».
سه‌ره‌ڕای زۆری ته‌مه‌نی، مه‌حمود بۆچونێكی جیاوازی هه‌یه له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی كافتریا ته‌نانه‌ت بۆ كوڕیش، ده‌ڵێت »هیچ باش نییه كافتریایه‌ك بكرێته‌وه بۆ كچان, بۆ كوڕانیش به‌هه‌مان شێوه، چونكه به‌بڕوای من جیاكردنه‌وه‌ی كوڕ‌و كچ كێشه‌كان دروست ده‌كات, نه‌ك پێكه‌وه‌بوونیان».
تابان عیزه‌دین (٢٣ ساڵ) كه خوێندكاری زانكۆیه، هاوڕایه له‌گه‌ڵ مه‌حمودی چایچیدا له‌دژی بوونی كافتریاییه‌كی تایبه‌ت به‌كچان، به‌ڵام هۆكاری ئه‌و دژایه‌تییه‌ی جیاوازه، ئه‌و ده‌ڵێت »من حه‌زم لێ نییه كافتریایه‌كی تایبه‌ت به‌كچان هه‌بێت، به پێویستیشی نازانم، چونكه ئه‌توانم كه سه‌رقاڵ نه‌بووم بچم بۆ ماڵه خزمێك، یان له‌گه‌ڵ هاورێكانم كۆبنه‌وه‌و دانیشن، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌شوێنێكی تایبه‌ت نییه».
تابان، باسی له‌وه‌شكرد كه كچ به‌هۆی كاری رۆژانه‌ی ماڵه‌وه‌و كاركردنی ده‌ره‌وه سه‌رقاڵه، بۆیه كاتی ئه‌وه‌نده نییه تا بچێت له‌كافتریایه‌كیش دابنیشێت‌و وتیشی »له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا تائێستا خێزانی وا هه‌یه رێنادات كچه‌كه‌ی به‌ته‌نیا بچێته‌ده‌ره‌وه، یان ئیش بكات، جا ئه‌وه‌ی بچێته كافتریایه‌ك‌و دابنیشێت».
هێمن كامیل شاره‌زا له‌بواری ده‌رونناسی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه جیاكاری بكرێت له‌نێوان ره‌گه‌زی نێر‌و مێ له‌رێگه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی كافتریای تایبه‌ت به‌كچان، به‌هاوڵاتی راگه‌یاند »له‌م چه‌ند ساڵه‌دا جۆرێك له‌كرانه‌وه دروست بووه، كه وای لێدێت له‌م چه‌ند ساڵه‌ی داهاتوودا هه‌موو شتێك ئاسایی بێت، كچێك نه‌بێت نه‌توانێت بچێته ده‌ره‌وه به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و جیاكارییه‌دا نیم، بۆ كوڕ‌و كچ ئه‌و شوێنانه‌ی كه ئێستا كچ بۆی نییه بچێت‌و تایبه‌ته به كوڕ هیچی لێ نه‌نوسراوه كه كچ بۆی نییه بچێته ژوره‌وه، به‌ڵام ئه‌وه كلتوره‌كه‌یه ئه‌وه‌ی سه‌پاندووه».
ئه‌و توێژه‌ره كۆمه‌ڵناسییه، به‌گرنگی ده‌زانێت هه‌موو جۆره گۆڕانكارییه‌كان هاوته‌ریب‌و پێكه‌وه هه‌نگاو بنێن، ده‌ڵێت »مرۆڤه‌كان ده‌توانن له‌پاڵ گۆڕانه ماددییه‌كان، گۆڕانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش په‌ره پێبده‌ن».
شاناز حه‌سه‌ن - رۆژنامەی هاوڵاتی



























