لە لێدوانێکیدا داوای لە جەماوەری یانەی هەولێر کرد لە نێو یاریگە ئامادە بن و گوتی: سەرەتا بەخێرهاتنی شاندی یانەی کوێت دەکەم و زۆر خۆشحاڵم، کە توانیمان لە رێگەی وەرزشەوە پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ یانەی کوێت دروست بکەین و هیوادارام هەردوو یانە لەم یارییە ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن و لە ئێستاوە پیرۆزبایی لە تیپی براوە دەکەم. لە درێژەی قسەکانیدا عەبدوڵڵا مەجید گوتی: داوا لە جەماوەری خۆشەویستی یانەکەمان دەکەم، لەم یارییە لە یاریگا ئامادە بن بۆ ئەوەی ببنە پاڵپشتی یانەکەمان لەم یارییە گرنگ و چارەنووس و مێژوویەدا، چونکە بە بێ بوونی جەماوەر یاریزانان ناتوانن ئاستی راستەقینەی خۆیان پێشکەش بکەن و هیوادارام ئەم جەماوەرە رۆژی سێشەممە کەرنەڤاڵێکی قەشەنگ لە نێو یاریگە ئەنجام بدەن و لە سەرەتاوە تا کۆتایی هانی تیپەکەیان بدەن. رۆژی سێشەممە کاتژمێر 6ی ئێوارە لە یاریگەی شەهید فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر یاری چوونی پێش کۆتایی جامی یەکێتی ئاسیا لە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و کوێتی کوێت بەرێوە دەچێت. رێبین رەمزی – H/F- PNA
عەبدولًَڵا مەجید سەرۆکی یانەی هەولێر لە کاتی پێشوازی کردنی بۆ شاندی یانەی کوێتی کوێت لە فرۆکەخانەی هەولێر نێودەوڵەتی .



























