ساڵانە 1000 ژن لە سلێمانی خۆیان دەبەستن

"دوای چوار منداڵ، ئیتر نامەوێ منداڵم ببێ، چونكە چوار منداڵ بەسە بۆ خێزانێكی گونجاو"، ژیان محەممەد 27 ساڵ، ماوەی هەشت مانگە لای پزیشكی پسپۆڕ خۆی بەستووە، تاوەكو چیتر منداڵی نەبێ.
ژیان سەرەڕای ئەوە هێشتا ترسی لەوە هەیە بەهۆی ئەو خۆبەستنەوە منداڵی دیكەی نەبێ، ئەگەر ویستی بەستنەكە بكاتەوە "لەوانەیە رۆژێك رام بگۆڕم و حەزم لە منداڵی دیكە بێ".
بەشێك لە ژنان، نایانەوێ خێزانی قەرەباڵخ دروستبكەن و بۆ ئەو مەبەستە دەچنە لای پزیشك، تاوەكو رێگەیەكیان بۆ دیاری بكات بۆ رێگریكردن لە منداڵبوونی زیاتر بەشێوەیەكی بێ زیان. ئەختەر عەلی كە تەمەنی 64 ساڵە، ژنانی ئێستا بە خۆشبەخت دەزانێ كە دۆزینەوە پزیشكییەكان ئێستا زۆر رێگەیان بۆ رێگرتن لە منداڵبوون دۆزیوەتەوەو دەڵێ "ئێمە بووین بە ژێر منداڵەوە و نەشماندەزانی چۆن رێگری لێ بكەین".
دوای دەركەوتنی مەترسییەكانی رێگریكردن لە منداڵبوون بە حەب، خۆبەستن زیاتربووە
ئەختەر، لایەنە خراپەكەی زۆری منداڵ دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی كە زۆر منداڵت هەبوو ناتوانی بەشێوەیەكی باش هەموویان پەروەردە بكەی "پێڕاناگەی هەموو منداڵەكان وەك منداڵی ژیر، بە پەروەردەی باش گەورە بكەی، بەڵام كۆنترۆڵی منداڵی كەم ئاسانترە".
شەهێن ئەحمەد، 29 ساڵ، ماوەی دوو ساڵە بە رێگەیەك لەلای پزیشك خۆی بەستووە " بە رێگەی لەولەب خۆم بەستووە، لەولەب زۆر باشە، دەتوانی هەركات خۆت بتەوێ لای پزیشك بیكەیتەوە، بەڵام من پەشیمان نیم و ترسیشم لەوە نییە كە جارێكی دیكە منداڵم نەبێ".
بەستن بەشێوەی لەولەب، ئەوەیە پزیشك منداڵدانی ژن بە ئەڵقەیەك دەبەستێ، كە دواتر هەر كاتێك خۆی ویستی، دەتوانێ ئەو گرێیە بە دەرهێنانی ئەڵقەكە بكاتەوە، تاوەكو منداڵبوون بەشێوەی ئاسایی دەست پێ بكاتەوە.
پێشتر بەربڵاوترین رێگە بۆ رێگریكردن لە منداڵبوون بەكارهێنانی حەبی رێگرتن لە منداڵبوون بوو، بەڵام كاتێك توێژینەوە زانستییە پزیشكییەكان هۆشداریان لە خراپی بەكارهێنانی حەبی رێگری لە منداڵبوون دایە ژنان وەك هۆكارێك بۆ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە، بەستن بووە رێگەیەكی بەربڵاو.
تارا شەریف، 25 ساڵ،ژنی ماڵەوەیە و ماوەی سێ مانگە خۆی بەستووە و نایەوێ ژمارەی منداڵەكانی ببنە 3 منداڵ "ئەوە دووەمجارە سكم دەبەستم، جاری یەكەم حەبم بەكاردەهێنا، پزیشك گوتی بۆ تەندروستیت گونجاو نییە، بۆیە لە جاری دووەمدا بە لەولەب سكم بەست". گوتیشی "زۆرجار وابیردەكەمەوە كە رەنگە ئیتر منداڵم نەبێ، بەڵام ئەگەر واش بوو ئاساییە بەلامەوە، چونكە منداڵی دیكەم ناوێ".
دكتۆرە ژیان ئەحمەد عەبدوڵڵا، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبوون، جۆرەكانی رێگریكردن لە منداڵبوون باسدەكات "رێگەی زۆرە: رێگری سروشتی، رێگری بە نەشتەرگەری، بەكارهێنانی حەب، بەستن، یان جۆرە حەبێك كە لەژێر باڵ دادەنرێ، بەڵام ناتوانین بڵێین كام رێگە سەركەوتووترە، چونكە لە ژنێكەوە بۆ ژنێك دەگۆڕێ". دكتۆرە ژیان گوتیشی "هەندێك ژن حەبی پێدەكەوێ، هەندێكیش بەهیچ جۆرێك نابێ بەكاریبێنن، هەندێك ژنیش منداڵدانی بۆ هەڵدەگرینەوە بە نەشتەرگەری، چونكە ئەوە بۆی گونجاوە"، ئەو پزیشكە ئاگاداری ئەو ژنانە دەكات كە نەخۆشی (زەخت، دڵ، شەكرە، سەرع)یان هەیە و دەڵێ "نابێ بەهیچ شێوەیەك حەبی رێگریكردن لە منداڵبوون بەكاربێنن".
دكتۆرە شلێر فایەق، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان دەڵێ "مانگانە نزیكەی 40تاوەكو 50 ژن دێنە لامان لە بنكە تەندروستییەكان، بەمەبەستی خۆبەستن، كە ژمارەیان لە ساڵێكدا دەكاتە 600 ژن، بەڵام ژمارەیەك ژنیش لە نۆرینگە پزیشكییەكان ئەوە دەكەن، بۆیە ئەگەر ژمارەی بەكۆ وەربگرین، ساڵانە نزیكەی 1000ژن خۆیان دەبەستن، هەرچەندە ناتوانین بڵێین ئەوە ئاماری وردە".
بەرپرسی یەكەی رێكخستنی خێزان لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانیش دەڵێ "بڕیارمانداوە 15 بنكەی تەندروستی بۆ خۆبەستن بكەینەوە، 9یان لەنێو شار و ئەوانیدیكە لە دەرەوەی شار، ئەوكات دەتوانین بە وردی و بەتەواوی ئاماری ساڵانەی ئەو ژنانەمان دەستبكەوێ كە خۆیان دەبەستن". دكتۆر رۆژگار عەبدوڵڵا گوتیشی "ئەم بابەتە دەچێتە خانەی رێكخستنی خێزان، تائێستا لە سلێمانی شوێنێكی لەم جۆرە نەبووە بتوانێ كۆنترۆڵی ئەم بابەتە بكات، بەڵام لەمەودوا ئەوە دەكەین".
سەرچاوە / شانۆ ئەحمەد
رووداو -سلێمانی
و / بۆنەکان
2012-01-05
23:09:06



























