Friday, 20 May 2011 09:37
|
هونەرمەندی گۆرانیبێژ (ڕۆژ كەریم)، نزیكەی 6 مانگە گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و بە نیازە چیتر ژیان لە تاراوگە بەسەر نەبات و بارگە و بنەی لە كوردستان بخاتەوە.
لە دیدارێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “هەولێر”، ئاماژەی بەو هاتنەوەی دا و هەروەها باسی لە تەواو بوونی ئەلبوومە تازەكەی كرد كە ئێستا كاری تۆماركردنی تەواو بووە و تەنیا ماوە لەگەڵ یەكێك لە كۆمپانیاكاندا بۆ سپۆنسەریكردن و كاری چاپ و بڵاوكردنەوەی ڕێك بكەوێت.
لە سەرەتای دیمانەكەدا هونەرمەندی گۆرانیبێژ (ڕۆژ كەریم)، باسی لە مانەوەی بە یەكجاری كرد و گوتی: “لەو هاتنەوەیەمدا بڕیاڕم داوە بمێنەوە، بەڵام جارێ هەر لە بیركردنەوە دام بۆ ئەوەی بزانم چۆن و بە چ شێوەیەك بمێنمەوە.
ئەوەی ئێستاكە بیری لێ دەكەمەوە، دابینكردنی ئیشوكارێكە بۆ ئەوەی پێی بژیم، بەڵام لە ماوەی ئەو 6 مانگەدا، تا ئێستا هیچ ئیشوكارێكم بە نەسیب نەبووە، چونكە ئێستاكە ژیان لە كوردستانیش وەك هەندەرانی لێ هاتووە و زەحمەتیی خۆی هەیە و پێویستە بە كارێكەوە سەرقاڵ بیت بۆ ئەوەی بژێوێك پەیدا بكەیت بۆ ژیانی خۆت و ماڵ و منداڵ.
ئیتر بۆ هونەر و هونەرمەندیش ئەو سەختییە زیاترە، چونكە هونەریش وەك یەكێكە لە ئەندامانی خێزانەكەم و پێویستی بە بەخێوكردن هەیە.”
(ڕۆژ كەریم) دەربارەی ئەو كارەی لە كوردستاندا بەدوایدا دەگەڕێت و دەیەوێ بیكاتە پیشەی ڕۆژانەی و نزیك بێت لە هونەرەكەی، گوتی: “من ئەو كارەی دەیگرمە دەست و دەمەوێ ژیانی خۆم و ماڵ و منداڵمی پێ دابین بكەم، مەرج نییە كارێك بێت لە هونەر و هونەرمەندبوونی (ڕۆژ) نزیك بێت، بەڵكوو ئەگەر كاسبییەكی دیكەیش بێت، من ئامادەم بیكەم و هیچ بە لایشمەوە شەرم نییە، بگرە من زۆر بە شانازییەوە ئەو كارە دەكەم كە بژێوی ژیانی لێ دەستەبەر بكەم.
گرنگ ئەوەیە چاوەڕێ دەستی كەرەمی هیچ كەس و لایەنێك نەكەم.
من لە وڵاتی سوێد چەند ساڵە شوفێری تەكسی بووم، زۆر جار لە ئێوارەوە تا بەیانی لە شەقامەكانی وڵاتی سوێددا شوفێرم كردووە و بەسەربەرزی ژیاوم.
لێرەیش ئەگەر هیچ كارێكم دەست نەكەوت، ئامادەم ببمەوە بە شوفێری تەكسی و خزمەتی ئەو ڕێبوارانە بكەم كە ڕۆژانە پێویستییان بە تەكسی دەبێت.
ئەوانەی كە شوفێری تەكسین، هەموویان مرۆڤن و خزم و كەسی ئەو وڵاتەی ئێمەن، ئێمەی هونەرمەندیش پێویستە خۆمان لە خەڵكی خۆمان بە گەورەتر و جیاوازتر نەزانین، چونكە پێویست ناكات و ئەوجار كوا (هونەرمەند) لەم وڵاتەی ئێمەدا؟! ئەوانەی كە هونەرمەندیشن لە پەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكەن.
ئەوانەی ئاوا پۆز لێ دەدەن و ناز و فیز دەنوێنن بەسەر خەڵكی هەژاری ئەم وڵاتەدا، جەماعەتێكن تەنیا خۆیان دەزانن تا كوێ هونەرمەندن و چییان لەباردایە!” هونەرمەندی گۆرانیبێژ (ڕۆژ كەریم) كە لە ساڵی 2004ـوە هیچ ئەلبوومێكی گۆرانی بڵاو نەكردووەتەوە، دەربارەی بەرهەمهێنانی ئەم ئەلبوومە تازەیەی گوتی: “ڕاستە لە ساڵی 2004ـەوە ئەلبوومی تازەی گۆرانیم نەبووە، بەڵام چەند گۆرانییەكم بە شێوەی “سینگل” بەرهەم هێناوە و كاری كلیپم بۆ ئەنجام داوە و بڵاوم كردووەتەوە.
لە ئێستادا ئامادەكاریم بۆ ئەلبوومێكی گۆرانی تەواو بووە و ئەو ئەلبوومە، 10 تراكی گۆرانی لەخۆ دەگرێت و ناوم لێ ناوە “چرپە”، ئەگەر لەگەڵ كۆمپانیایەك ڕێك بكەوم، لە ئاییندەیەكی نزیكدا بڵاوی دەكەمەوە، چونكە دەبێ ئەو پارە زۆرەی لە بەرهەمهێنانی ئەو گۆرانییانەدا خەرجم كردووە، بەشێكی بێتەوە گیرفانم، ئەگەرنا ئەو هەموو پارەیە بە خۆرایی بڕوات بۆچی؟! ئیتر لە ئێستادا چاوەڕێی سپۆنسەرێك دەكەم، هەر چەندە لەگەڵ یەكێك لە كۆمپانیاكانی كوردستان قسەیەكمان كردووە و بەڵنیان داوە سپۆنسەریی ئەلبوومەكە بگرنە ئەستۆ، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێكیان نەبووە!” هەر دەربارەی ئەو ئەلبوومە تازەیەی، هونەرمەند (ڕۆژ) گوتی: “ئەو ئەلبوومە زۆربەی هۆنراوە و سەرجەم ئاوازەكانی خۆم دامناون و بە شێوازێكی باش كاری میووزیك و تۆماركردنم بۆ ئەنجام داوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ كاری ماسترینگ و دیزاینی ئەلبوومەكەم، سەردانێكی وڵاتی سوێد دەكەم.”
(ڕۆژ كەریم)، لە بەشێكی دیكەی ئەو دیمانەیەدا دەربارەی زۆربوونی گۆرانی و گۆرانیبێژ لە سەردەمی ئێستادا و لایەنە باشە و خەراپەكانی بۆ سەر هونەری گۆرانی، گوتی: “لە ئێستادا چاك و خراپ تێكەڵ بووە و كەس نازانێ كێ هونەرمەندە؟ گرفتەكە هەمووی لەو خاڵەدا كۆ بووەتەوە، هەرچی هەڵدەستێت دایكی پێی دەڵێت دەنگت خۆشە، یەكسەر ناو لە خۆی دەنێت هونەرمەند.
ئاخر كاكە دایكت پێی گوتووی دەنگت خۆشە، تۆ هونەرمەندی و گۆرانیبێژی چی؟ بە داخەوە دروستبوونی ئەو ڕەوشە، لە ئەستۆی تەلەڤزیۆنەكانە، چونكە ئەوانەی لە تەلەڤزیۆنەكانن، هەر ئەوەندەی لێ دەزانن، ئەگەرنا ئەو لێشاوە گۆرانییە بێمانا و كرچوكاڵانەی ڕۆژانە شاشەكانی تەنیوە، بڕوا بكە جگە لە ناشیرینكردنی هونەری گۆرانیی كوردی، هیچی دیكە نییە.
بۆیە من جارێكی دیكەیش دەیڵێمەوە، هونەری گۆرانیی كوردی بەوە قازانج دەكات و پێش دەكەوێ هەندێكمان واز لە گۆرانی گوتن بهێنین، هەرگیز هونەری گۆرانیی كوردی بەو هەموو زۆری و بۆرییە پێش ناكەوێ، بەڵكو لەوە خراپتر دەبێ كە لە ئێستادا هەیە!”
|
|
| |
