
گۆرانیبێژ (گۆران ساڵح) بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند، جگە لەو كلیپەی كە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا بە ناوی (هەی دونیا) لە شاشەی تەلەڤزیۆنەكان بڵاو كرایەوە، كاری كلیپی بۆ چەند گۆرانییەكی دیكەی لە وڵاتی كڕواتیا بە ئەنجام گەیاندووە، هەروەها ئەوەیشی ڕاگەیاند لە ئێستادا بۆ دووەم ئەلبوومی گۆرانیی خۆی خەریكی ئامادەكارییە.
(گۆران ساڵح) دەربارەی كاری ئەو كلیپانەی كە لە دەرەوەی وڵات ئەنجامی داوە گوتی: “ڕاستە من بۆ بەرهەمهێنانی كلیپی چەند گۆرانییەكم ڕووم كردە دەرەوەی وڵات و، لە كڕاوتیا كاری وێنەگرتنی گۆرانییەكانم بە ئەنجام گەیاند، بەڵام بەدەست و پەنجەی گەنجانی خۆمان كاری وێنەگرتنم بۆ كلیپكردنی گۆرانییەكانم جێبەجێ كردووە.”
گوتیشی: “لەو گەشتەمدا بۆ وڵاتی كڕواتیا جگە لە گۆرانیی (هەی دونیا) كاری وێنەگرتنم بۆ (2) دیكەیش بە ئەنجام گەیاندووە، لە ئێستادا تەنیا گۆرانیی هەی دنیام بڵاو كردووەتەوە، هەریەك لە گۆرانیی (دوا ماچ) و (دەردێ تە) كە سەرجەمیان گۆرانیی یەكەم ئەلبوومی خۆمن، كە پێش دوو ساڵ بڵاو كرایەوە، ئێستاكە ئەو دوو گۆرانییەیش لای (كاروان زامدار)ـە، كاری مۆنتاژی بۆ بە ئەنجام دەگەیەنێت و، لە ئاییندەدا بڵاوی دەكەینەوە. كاری وێنەگرتنی ئەو گۆرانییانەم لە شاری (دۆبرۆڤنیك) لە وڵاتی كڕاوتیا بە ئەنجام گەیاندووە، كە ئەو شارە شارێكی گەشتیارییە و ساڵانە سەدان هەزار كەس بۆ گەشتوگوزار سەردانی ئەو شارە و ئەو وڵاتە دەكەن، هەروەها دەمەوێ ئەوەیش بڵێم من وەكوو گۆرانیبێژێكی كورد یەكەم كەسم كاری كلیپ لەم وڵاتەدا و لەو شوێنە گەشتیارییەدا بە ئەنجام دەگەیەنم.”
(گۆران ساڵح) سوپاسی ئەو كەسانەی كرد، كە هاوكاری بوون لەو گەشتەدا و بۆ كلیپكردنی گۆرانییەكانی لەوانە (یووسف ستار، هۆزان زاهیر، سامی سەباح، سەفین ساڵح و غالب).
لە كۆتاییدا گۆران دەربارەی بەرهەمهێنانی ئەلبوومێكی تازەی گوتی: “لە ئێستادا بۆ ئەلبوومی دووەمم خەریكی ئامادەكارییم، كە هیوادارم كارێكی تازە بهێنمە بەرهەم، هەروەها پلانی ئەوەم هەیە، پەلە لە كارەكان نەكەم و بۆ ئەوەی سەرجەم تراكی گۆرانییەكانم كارێكی تازە بێت، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی هەوڵمداوە ئەم جارە گۆرانییەكانم لە ڕووی هەڵبژاردنی تێكست و ئاوازەكان هەنگاوێكی تازە بهاوێژم.”
سەرچاوە / هەولێر



























