سۆزان نامۆ وه‌ك خانمێكی گۆرانیبێژ ماوه‌یه‌كه له گۆڕه‌پانی گۆرانی كوردیی دا ده‌ركه‌وتووه، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆره به‌رهه‌می تازه‌ی گۆرانی نابیسترێ‌و له شاشه‌ی tvیه‌كانیشدا نابینرێت. سۆزان نامۆ ماوه‌ی (25) ساڵه كوردستانی به‌جێهشتووه‌و له تاراوگه ژیان به‌سه‌رده‌بات، دوای ئه‌و چه‌ندین ساڵه له دووری وڵات، بۆ یه‌كه‌مجار گه‌ڕایه‌وه بۆ كوردستان و هه‌فتانه‌ش ئه‌م دیداره‌ی له‌گه‌ڵدا سازكرد.خانمه هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ (سۆزان محه‌مه‌د نادر) ناسراو به (سۆزان نامۆ) ده‌رباره‌ی هاتنه‌وه‌كه‌ی بۆ كوردستان‌و دابڕانی له كاره هونه‌رییه‌كانی، وتی: "ئه‌و سه‌ردانه‌م بۆ كوردستان كۆمه‌ڵێك یاده‌وه‌ری جوانم بیرده‌هێنێته‌وه، ئه‌و خاك‌و وڵاته‌ی له‌ئامێزیدا له‌دایكبووم‌و تێیدا ژیام، ئێستاكه به‌و هه‌موو پێشكه‌وتنه‌وه ده‌یبینم زۆر خۆشحاڵم‌و هه‌ستێكی زۆر تایبه‌تم هه‌یه، به‌تایبه‌تی ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی له شاری هه‌ولێر بینوومه زۆر خۆشحاڵی كردووم، من (25) ساڵه دوورم له خاكی كوردستان، دیاره ئه‌و كاته‌ی من كوردستان‌م به‌جێهێشتووه، به‌ته‌نیا نه‌بووم له‌و سه‌فه‌ره‌دا، به‌ڵكو هه‌موومان له‌گه‌ڵ دایكم‌و خوشك‌و براكانم ڕۆیشتین بۆ ئه‌وروپا، ئیتر سه‌رقاڵبوون به خوێندن‌و فێربوونی زمان‌و ژیانی ڕۆژانه، وایكرد زۆر په‌یوه‌ست بم به كاره‌كانم‌و نه‌توانم سه‌ردانی كوردستان بكه‌مه‌وه. جگه له‌وه‌ش ساڵی (1993) ژیانی هاوسه‌ریم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌ن (دلێر نامۆ) پێكهێنا‌و زیاتر سه‌رقاڵبووم به ژیانی ماڵ‌و منداڵ، ئه‌وانه هه‌رهه‌موویان هۆكاربوون بۆ ئه‌و ماوه دوور‌ودرێژه سه‌ردانی كوردستان نه‌كه‌مه‌وه." سه‌ختی‌و ژیانی تاراوگه سۆزان، له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ ژیانی سه‌خت‌و دژواری تاراوگه كرد‌و وتی: "من دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندێك ژیانی هاوسه‌ریم پێكهێنا، كاری هونه‌ریی بۆ من تاڕاده‌یه‌ك باشتر‌و گونجاوتر بوون، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی وڵاتی (دانیمارك)ـمان به‌جێهێشت‌و هاتین بۆ وڵاتی (سوید) له‌و وڵاته جارێكی دیكه ژیانێكی تازه بۆ ئێمه هاته پێشه‌وه، ئیتر له هه‌نده‌رانیش ژیان زۆر سه‌خت ده‌بێ، له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ختییه‌ش هه‌رچۆنێك بێت ده‌بێت خۆت بگونجێنی، ده‌ستمانكرد به ئیش‌و كار، بۆئه‌وه‌ی بژێوی ژیان دابینبكه‌ین، دوكانێكی سه‌رتاشیمان دانا، منیش ده‌بوایه خۆم كار له‌و دوكانه‌دا بكه‌م‌و سه‌رپه‌رشتی بكه‌م، (دلێر نامۆ)ـی هاوسه‌ریشم ماوه‌یه‌كی زۆر تووشی نه‌خۆشی هات، ئیتر ئه‌وانه هه‌مووی سه‌ختن به‌ڕاستی‌و ده‌بێ ڕووبه‌ڕوویان ببیته‌وه‌و هه‌میشه له‌هه‌وڵداندا بیت بۆئه‌وه‌ی بژیت." ئه‌م خانمه هونه‌رمه‌نده ده‌رباره‌ی هۆكاری دابڕانی له به‌رهه‌مهێنانی گۆرانی تازه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ی له كاری هونه‌ری وتی: "من‌و هاوسه‌ره‌كه‌شم چه‌ندین جار داوامان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه هاوكاریمان بكه‌ن بۆ كاره هونه‌رییه‌كانمان، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكمان به نه‌خێر‌و به به‌ڵێ چنگ نه‌كه‌تووه، ئاخر ئێمه چه‌ندین ساڵه له هه‌نده‌ران له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو زه‌حمه‌تییه‌ی كه بینیمان بۆ ژیان، شان به‌شانی ئه‌و زه‌حمه‌تییه توانیمان چه‌ندین كاری هونه‌ری ئه‌نجام بده‌ین. هه‌روه‌ها ئه‌لبومێكی گۆرانی له‌گه‌ڵ براكه‌م (دیلمان دیۆ) تۆماربكه‌ین‌و له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆمان بڵاوی بكه‌ینه‌وه، ئیتر خۆ ناكرێ هونه‌رمه‌ند هه‌تا ده‌مرێت له‌سه‌ر ئه‌رك‌و گیرفانی خۆی گۆرانی تۆماربكات‌و بڵاوی بكاته‌وه به خۆڕایی، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا، من زۆر دڵم شكاو بڕیارمدا ئیتر جارێ هیچ گۆرانییه‌ك تۆمارنه‌كه‌م‌و له‌سه‌ر گیرفانی خۆم بڵاوی نه‌كه‌مه‌وه، چونكه ئه‌وه له توانای مندا نییه‌و ناتوانم." ئاماده نیم یه‌ك گۆرانی بڵاوبكه‌مه‌وه له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و دیمانه‌یه‌دا، ده‌رباره‌ی هه‌بوونی به‌رهه‌می تازه‌ی له‌ئێستادا، ئه‌گه‌ر هاتوو لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار پشتگیری بكات، ئه‌و ئاماده‌كارییه‌ی هه‌یه كه جارێكی تر بتوانێ گۆرانی بڵێته‌وه؟ له‌وه‌ڵامدا سۆزان وتی: "به‌ڵێ، به‌رهه‌می زۆرباشم ئاماده‌یه، ته‌نانه‌ت (دلێر)ـی هاوسه‌رم كاری ئاواز‌و تێكسته‌كانیشی بۆ ئاماده‌كردووم، كه ژماره‌ی ئه‌و گۆرانیانه (14) گۆرانی له‌خۆده‌گرێت، به‌ڵام من ئاماده نیم یه‌ك گۆرانی بڵاوبكه‌مه‌وه، ئه‌و گۆرانیانه ته‌نها ماوه كاری تۆماركردنی ته‌واوبكه‌م‌و هه‌موو شتێكی ئاماده‌یه، هه‌رچه‌نده هاوسه‌ره‌كه‌م زۆری پێناخۆشه من ئاوا به‌و شێوه‌یه دابڕاوم، هه‌میشه هانمده‌دات‌و پێم ده‌ڵێ، وه‌ره ده‌ستپێبكه‌ره‌وه، منیش هه‌موو كات دڵم بۆ هونه‌ر لێده‌دات‌و هه‌رگیز ناتوانم له كاری هونه‌ری داببڕێم، به‌ڵام تاوه‌كو پشتگیری له كاره هونه‌رییه‌كانم نه‌كرێت، ناتوانم جارێكی تر گۆرانی بڵێمه‌وه." له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو دڵشكان‌و بێ ئومێدییه‌ی تووشی سۆزان نامۆ بووه، له كاتی هاتنه‌وه‌كه‌ی بۆ كوردستان، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، نایه‌وێ هیچ كارێكی هونه‌ریی‌و ته‌نانه‌ت به‌شداریی له پرۆگرامه هونه‌رییه‌كانیش بكات، له‌م باره‌یه‌وه وتی: "هاتنه‌وه‌كه‌م بۆ كوردستان، ته‌نها بۆ بینین‌و سه‌ردانیكردنی خزم‌و دۆستانمه، نامه‌وێ له‌و هاتنه‌وه‌یه‌مدا هیچ كارێكی هونه‌ریی به‌ئه‌نجام بگه‌ینم، ته‌نانه‌ت نامه‌وێ به‌شداریی له هیچ پرۆگرامێكی هونه‌ریی ته‌له‌فزیۆن‌و ڕادیۆكانیش بكه‌م، من له هه‌نده‌رانیش وازم له سازدانی ئاهه‌نگ‌و كۆنسێرته‌كان هێناوه‌و ناتوانم به‌شداریی بكه‌م، ئێستاكه له ماڵه‌وه گۆرانییه‌كانم زیاتر بۆ خۆم ده‌ڵێم، چونكه من خۆشه‌ویستییه‌كی زۆرم بۆ هونه‌ره‌كه‌م هه‌یه‌و له‌یادی ناكه‌م." گه‌ڕنه‌وه‌ی بۆ كوردستان به‌یه‌كجاری له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و دیداره‌دا، لێمان پرسی، ئه‌گه‌ر ژیانی هه‌نده‌ران ئه‌وه‌نده سه‌خت‌و دژواره، بۆچی به‌یه‌كجاری ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ كوردستان؟ ئه‌و وتی: "زۆر ئاره‌زوو ده‌كه‌م بگه‌ڕێمه‌وه، چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌شم باسی ئه‌و بابه‌ته‌مان كردووه، به‌ڵام ئێمه ئه‌گه‌ر بڕیارێكی له‌و جۆره بده‌ین، پێویسته لێره زه‌مینه سازییه‌ك هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی ژیانێكی پێدروستبكه‌ین، به‌ڵام ئه‌و ئاسنكارییه‌ش تائێستا بۆ ئێمه جێبه‌جێ نه‌كراوه، بۆیه جارێ ناتوانین ئه‌و بڕیاره بده‌ین‌و به‌یه‌كجاری بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كوردستان، به‌ڵام هه‌رهیوادارین ئه‌و ئاسانكاریانه‌مان بۆ بكرێت، بۆئه‌وه‌ی له خاكی خۆمان ژیان به‌سه‌ر ببه‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و ڕۆژه‌ش هات به‌یه‌كجاری بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كوردستان، ئه‌وا دوكانێكی سه‌رتاشی زۆر مۆدێرن داده‌مه‌زرێنم‌و به جوانترین شێوه قژی كوڕان‌و كچانی وڵاته‌كه‌م چاكده‌كه‌م." سۆزان نامۆ، ده‌رباره‌ی ئاستی ئافره‌تانی گۆرانیبێژ له‌ئێستادا وتی: "ئێستا به به‌راورد له‌گه‌ڵ جاران، ڕێژه‌ی ئافره‌تانی گۆرانیبێژمان زیادی كردووه، من ڕێزم بۆ هه‌رهه‌موویان هه‌یه‌و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم، به‌ڵام پێویسته ئاگاداری پارستنی كولتوور‌و دابونه‌ریتی وڵاته‌كه‌مان بن، چونكه ئه‌وان به زمانی كوردی گۆرانی ده‌ڵێن، زمان‌و نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ش كولتوورێك‌و فه‌رهه‌نگێكی خۆی هه‌یه‌و پێویسته ئاگاداری بین، چونكه سه‌یربكه‌ن له‌ئێستادا هه‌موو وڵاتێك، هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك، شانازی به فه‌رهه‌نگی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن." سازدانی: دیمه‌ن عه‌بدوڵڵا -خه‌ندان |



سۆزان نامۆ وه‌ك خانمێكی گۆرانیبێژ ماوه‌یه‌كه له گۆڕه‌پانی گۆرانی كوردیی دا ده‌ركه‌وتووه، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆره به‌رهه‌می تازه‌ی گۆرانی نابیسترێ‌و له شاشه‌ی tvیه‌كانیشدا نابینرێت. سۆزان نامۆ ماوه‌ی (25) ساڵه كوردستانی به‌جێهشتووه‌و له تاراوگه ژیان به‌سه‌رده‌بات، دوای ئه‌و چه‌ندین ساڵه له دووری وڵات، بۆ یه‌كه‌مجار گه‌ڕایه‌وه بۆ كوردستان و هه‌فتانه‌ش ئه‌م دیداره‌ی له‌گه‌ڵدا سازكرد.
























