
ئەو شێواز و تەكتیكەی ئێستای گوردیۆلا لە تۆپی پێی جیهان نیشانی دەدات و لە یانەی بەرشلۆنەش جێ بەجێی دەكات، جگە لە هەڵبژاردەی بەڕازیل نەبێت هیچ یانەیەك و هەڵبژاردەیەك نەیانتوانیوە بەو ئاستەیە یاری بكەن، لە ساڵی (1982-1886) سامبا بەو شێوازەو ستایلە یاری دەكرد، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەڵێم بەو ئاستەی ئێستای یانەی بەرشلۆنە نەبووە (خۆشم بینەرو تەماشاكاری یارییەكانی ئەوكاتی هەڵبژاردەی بەڕازیل بووم) گواردیۆلا سیستەمی یاریكردنی بەم شێوازەیە بەكاردێنێت، یاریگا دەكرێتە (50)م چوارگۆشە، ئینجا یاریزانانی راهێناون چۆن كۆنتڕۆڵی ئەو (50)مەتر چوار گۆشەیە بكەن و هیچ كاتێك نێوان سەرجەم یاریزانانی (5) مەتر لێك دوور نەبن و هەر كاتێكیش تۆپ لە دەست هەر یاریزانێكی خۆیان بێت، دەبێ بەلایەنی كەمەوە دوو یاریزانی دیكە لە (5)مەتر كەمتریش چاوەڕوانی وەرگرتن و پێدانی تۆپ بكەن و یاریزانی خاوەن تۆپیش دەبێ لە نێوان (5 تاكو 10)چركە تۆپ لەلای خۆی رانەگرێت و بیگوازێتەوە بۆ یەكێكی تر. ئەو شێواز و ستایلە لە هەموو شوێنێك و سووچێكی نێو یاریگا بەكار دەهێنێ و هەركاتێك هێڵی هێرەشبەر بۆ یەك مەتر بۆ پێشەوە هەنگاو بنێت، دەبێ هەموو یاریزانان یەك مەتر بەرەو پێشەوە بچن. بەهەمان شێوە كاتێك بۆ هەر لایەك بچێت هەمان هەنگاو جێ بەجێ دەكرێت. واتە لە هێڵی بەرگری و ناوەڕاست و هێرەشبەرەوە ئەو شێواز و سیستەمە دەبێتە ئامانجی سەرجەم یاریزانان.
ئەو (50)م چوارگۆشەیە لەنێو یاریگادا دەگواسترێتەوە بۆ پێشەوەو تاكو دەگاتە ناخی هێڵی (18)م ركابەر، لە كاتی لە دەست دانی تۆپیش ئەو شێوازە بە هەمان شێوەو هونەریەكانیەوە بەكار دێت و لە شوێنی لە داستدانی تۆپیش پێویستە بەرگری بكرێت و تۆپەكە وەربگیرێتەوە. خاوەنی لە دەستدانی تۆپەش ئەو بە پلە یەك بەرپرسیارە بۆ وەرگرتنەوەی و دەبێ لە (5 تاكو 10)م چوارگۆشە هەوڵی بەرگریكردن بكرێت و تۆپ وەربگیرێتەوە. پێویستە بە هەموو شێوازێك تۆپ وەربگرنەوەو بەپێی هاتنە پێشەوەی ركابەر، كشانەوە بۆ هەموویان ئەركەو دەبێ جێ بەجێی بكەن،. مەشق و راهێنانیش لە (5)م چوارگۆشە و نێوان (2 بە1)یاریزان و(3 بە 2)یاریزان و(3 بە3) یاریزان و(4 بە 3) یاریزان لە (10)م چوارگۆشەش (4 بە 4) یاریزان و (5 بە 4) یاریزان و (5 بە 5) و ( 6بە 6) یاریزان، مەشق و راهێنانێكی چڕو پڕیان بۆ ئەنجام دەدرێت. و لەهەمان كاتدا دەبێ (11بە11) یاریزان وەك دوو تیپ لە نێو (50)م چوارگۆشە یارییان بۆ رێكبخرێت، گواردیۆلا ئەوكاتەی لە تیپی دووەم و لە ئەكادیمیای لاماسیا كاری كردووە، یاریزانەكانی لاو و گەنجی ژێر دەستی خۆی بەو شێوازەو تەكتیكە راهێناون و فێریكردوون. ئەگەر سەیری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بكەین، ئەو تەكتیك و تەكنیك و شێوازە لەسەر ئەوانیش زۆر بە روونی بەرچاو دەكەوێت. بۆ زانیاری و بیرهێنانەوەش، لە مۆندیالی (1998) راهێنەری هەڵبژاردەی فەڕەنسا لە یاری كۆتاییدا ئەو شێوازەی لە یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل جێ بەجێكرد، بەر لە یاری كۆتایی كاسێتی هەردوو یاری هەڵبژاردەی بەڕازیل لەگەڵ نەرویژ و دانیماركی بۆ یاریزانانی خۆی پەخش كردو خاڵە بەهێز و لاوازەكانی بەڕازیلی بۆ شیكردنەوە. دواتر بەرنامەی چۆنیەتی كۆنتڕۆڵكردنی یاریگای داڕشت. یاریگای كرد بە (50) مەتر چوار گۆشەو مەشق و راهێنانی یاریزانانی بۆ لەسەر ئەنجامدا، كە چۆن بتوانن كۆنتڕۆڵی ناوەڕاستی یاریگا لە نەخشەی (50)م چوارگۆشە بكەن و هەڵبژاردەی خۆی كرد بە دوو تیپ و یاری لەسەر رێكخست. هەروەها چۆنیەتی وەستاندنی هەردوو تاكەكانی راست و چەپی بەڕازیلی (كارلۆس ئەلبێرتۆو كافۆ)ی بۆ شیكردنەوە، پەرەی بە مەشق و راهێنانەكانی خۆی لە یاریگایەكی (50)م چوارگۆشە داو تاكو كاتی ئەنجامدانی یاری كۆتایی، یارییەكەشمان بینی كە چۆن هەڵبژاردەی فەڕەنسا یاریگای كۆنتڕۆڵ كردبوو یارییەكەشی (3-0) بردەوە، مۆرینهۆ هەوڵ دەدات شێوازی ئینگلیزی و ئیتاڵی بە سەر یاریزانانی یانەی قەڵای سپی بسەپێنێ و لە نێوان ئەو دوو شێوازەدا یاری جێ بەجێ بكا و گۆڕانێك لە خولی لیگای ئیسپانی دروست بكات، تاكو بۆ خۆی مێژووێك و سەروەریەك تۆمار بكات، بەڵام خولی لالیگای ئیسپانی جیاوازی هەیە لەگەڵ خولەكانی كالتچۆ و پریمەرلیگ، ئەوان تەكتیك و شێوازێكی تایبەت بە خۆیان و قوتابخانەیەكی جیاوازن لەگەڵ هەموو خولەكانی دیكەی جیهان. زۆربەی ئەو یاریزانانەی لە شێوازی ئینگلیزی و ئیتاڵی نێزیكن لە پێكهاتەی (مۆرینهۆ) دەبیندرێن، نموونەش یاریزان (ئەلۆنسۆ) راستە یاریزانێكی بە توانای نێو گۆڕەپانی یارییە و وەك مایسترۆی ناوەراست خۆی بەدەر دەخات، بەڵام ئەو یاریزانە لە خولی ئینگلیزی یاری كردووەو باشتر دەزانێ (مۆرینهۆ) لە نێو یاریگادا چی دەوێت، بەوپێی مۆرینهۆ بە شێوازی ئینگلیزی و ئیتاڵی دەیەوێت ئەسپی پێشكەوتنی خۆی نیشان بدات و بەرەو لوتكەی ئارامی و سەركەوتن بڕوات، هەردوو خولی كالتچۆ و پریمەرلیگ لە رووی هێز و توانای جەستەیی یاریزانان و شێوازی یاریكردنی دوورهاوێژ و توندو بەهێزی هێڵی راست و چەپی لە یاریكردندا، ئەمانە هەمووی لە یارییەكانی یانەی شاهانە بە تایبەت لە یارییەكانی كلاسیكۆ بە دی دەكرێن.
جەلال سەعید - بۆنەکان
This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it
2012-02-01



























