له نێو كچاندا باسكردنی یه‌كه‌مین شه‌وی هاوسه‌رگیری، كه به شه‌وی زاوایه‌تی یاخود شه‌وی په‌رده ناسراوه جێگه‌ی مشتومڕه و به‌شێكی زۆری كچانیش ترسی خۆیان له‌و شه‌وه ناشارنه‌وه، به‌ڵام ئایا نهێنی ترسانی كچان له‌و شه‌وه به‌هۆی چیه‌وه‌یه، ئه‌و هۆكارانه كامانه‌ن كه زۆرێك له كچان تووشی شۆك ده‌كات له‌و شه‌وه‌دا، له‌م ڕاپۆرته كچان ئه‌و نهێنیه ئاشكرا ده‌كه‌ن.
شیلان محه‌مه‌د 28 ساڵ كچی ماڵه‌وه‌یه، ئه‌م كچه نه‌بوونی هیچ زانیاریه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و شه‌وه له‌لایه‌ن كچانه‌وه به هۆكاری ئه‌و ترسه ده‌زانێت، شیلان وتی: "له‌به‌رئه‌وه‌ی كچان هیچ جۆره زانیارییه‌كیان نییه ده‌رباره‌ی ئه‌و شه‌وه و هیچ جۆره زانیارییه‌كیشیان له‌لایه‌ن كه‌سوكاریان پێ نادرێت، چونكه به شتێكی قه‌ده‌غه‌كراو داده‌نرێت و نابێت ژن و مێرد به هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌و شه‌وه بكه‌ن، هه‌ربۆیه كچانیش زانیاری له‌سه‌ر وه‌رناگرن".
ئه‌وه‌ی شیلان له‌سه‌ر ئه‌م شه‌وه بیستویه‌تی ئه‌وه‌یه كه "له‌وشه‌وه‌دا كچان تووشی نه‌زیفبوون ده‌بن، یاخود ڕووبه‌ڕووی ئازارێكی زۆر و ناره‌حه‌تی ده‌بننه‌وه"، هه‌ربۆیه نه‌بوونی زانیاری دروست به هۆكاری ترس له‌و شه‌وه ناوده‌بات.
په‌ری ئه‌حمه‌د (22 ساڵ) خوێندكاری زانكۆیه و ترسی كچان له‌و شه‌وه به شتێكی خۆنه‌ویست و لائیرادی ناوده‌بات كه له ناخی هه‌ر كچێكدا بوونی هه‌یه، ئه‌م كچه وتی: "پێویسته مرۆڤ له ڕاستیه‌كانی ژیان تێبگات، لێیان نه‌ترسێت لێیان ڕا نه‌كات، به‌داخه‌وه ئێستا كچان ئاستی ڕۆشنبیریان كه‌مه و تێكه‌ڵ نه‌بوونیان له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر و شاره‌زا نه‌بوون له ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی یه‌كتری وایكردووه له‌و شه‌وه بترسن".
په‌ری پێیوایه بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی ئه‌و ترس و دڵه‌ڕاوكێیه پێویسته پێش ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هاوسه‌ری كچ و كوڕ به‌باشی یه‌كتر بناسن و له ته‌بیعه‌تی یه‌كتر تێبگه‌ن و یه‌كتری هه‌ڵسه‌نگێنن، جگه‌له‌وه‌ه‌شی به پێویستیشی ده‌زانێت "كتێب و بابه‌تی زانستی له‌سه‌ر ئه‌و شه‌وه و ئه‌ندامه‌كانی زاوێ بخوێنرێته‌وه".
جگه‌له‌وه‌ش شنه عوسمان 25 ساڵ كه تائێستا ژیانی هاوسه‌رێتی پێكنه‌هێناوه هۆكاری ترسی كچان له‌و شه‌وه بۆ وه‌رگرتنی زانیاری هه‌ڵه ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌و وتی: "كچی كورد پێش وه‌خت ترسێكی لا دروست ده‌بێت ئه‌وه‌ش زیاتر به‌هۆی وه‌رگرتنی زانیاری نادروست و نه‌بوونی شاره‌زایی ته‌واو هۆشیاری هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز له‌سه‌ر یه‌كتری".
ئه‌م كچه ترس له شه‌ره‌ف و دڵه‌ڕاوكێی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به هۆكارێكی دیكه ده‌زانێت بۆ ئه‌و شه‌وه، به‌تایبه‌تیش وه‌ك خۆی ده‌ڵێت له‌و شه‌وه‌دا هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی دیكه‌ی خێزان به‌وه ده‌زانن كه ئه‌مشه‌و كچه‌كه‌یان سێكس ده‌كات و ئه‌وه‌ش حاڵه‌تێكی ده‌روونی ناخۆش بۆ كچ دروستده‌كات، جگه‌له‌وه‌ش "به‌ستنه‌وه‌ی شه‌ره‌فی بنه‌ماڵه‌یه‌ك به په‌رده‌ی كچێكه‌وه هۆكاری سه‌ره‌كییه بۆ دروستبوونی جۆره ترسێك له‌لای كچان، چونكه وا ده‌زانێ كه ئه‌و په‌رده‌یه شه‌ره‌فی بنه‌ماڵه‌یه‌كه".
به‌وته‌ی كه‌ژاڵ دژوار توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی په‌روه‌رده‌ی ئه‌و كچانه و ئاستی هۆشیاری خێزان و خودی كچه‌كه هۆیه‌كی سه‌ره‌كیه بۆ ترسان یاخود نه‌ترسانی كچان له شه‌وی په‌رده، ئه‌م توێژه‌ره وتی: "زۆرجار ئه‌و كێشانه دێته لامان و كچ هه‌یه له‌لایه‌ن خێزان و كۆمه‌ڵگاوه هه‌ر له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نیه‌وه ئه‌و ترسه‌ی لا دروستده‌كه‌ن، به‌شێكی گرنگی ترسانی كچان له شه‌وی بووكێنی مه‌سه‌له‌ی ئازار نییه، به‌ڵكو هۆكاری ده‌روونیه و ئه‌و كچه پێی وایه له‌ده‌ستدانی په‌رده‌ی كچێنی به‌شێكی گرنگی ژیانی له‌ده‌ستده‌دات، كه چه‌ندین ساڵه پارێزگاری له‌و په‌رده‌یه ده‌كات".
ئه‌م تویژه‌ره وتیشی: "به‌شێكی زۆر له كچان پێیانوایه له‌دوای له‌ده‌ستدانی ئه‌و په‌رده‌یه ئیدی بواری گه‌ڕانه‌وه نییه و ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌دا ته‌واوی ژیانیان بگوزه‌رێنن، به‌تایبه‌تیش كه ئه‌وه بۆ كچان شتێكی گرنگه و هه‌موو ژیانیانی پێوه‌به‌نده و ناتوانێت هه‌ر وا به ئاسانی و بێ هیچ دوودڵی و ترسێك ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ی ژیانی له‌ده‌ستبدات كه كلتوور و ئاین دروستیكردووه".
سروه حاته‌م - خه‌ندان



























