
خاتوو فاتۆش گونەی هاوسەری سینەماكاری ناودار و گەورەی كورد یۆڵماز گونەی، دوای بینینی فیلمی سینەمایی "شوێنێك بۆ یاری" خەڵاتی فەخری "یۆڵماز گونای"یی پێشكەش بە شەوكەت ئەمین كرد.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی كۆمپانیای "نارین فیلم"، کە کۆپییەکی ڕەوانەی ماڵپەری بۆنەکان کراوە فیلمی سینەمایی "شوێنێك بۆ یاری" (كیك ئاف) KICK OFF لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد شەوكەت ئەمین كوركی كە تاكوو ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری نێونەتەوەیی لە ئاستی دنیادا نمایشكراوە و كۆمەڵێك خەڵاتی گرینگی بۆ هەرێمی كوردستان بەدەستهێناوە، لە دوایین بەشداری خۆیدا لە شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی دهۆك ـ بەرلین لە هۆڵی كۆنگرەی زانكۆی شاری دهۆك نمایشكرا و خاتوو فاتۆش گونەی هاوسەری سینەماكاری كورد یۆڵماز گونەی دوای بینینی ئەم فیلمە، خەڵاتی فەخری "یۆڵماز گونای"یی پێشكەش بە شەوكەت ئەمین كوركی كرد.
فاتۆش گونەی هاوسەری سینەماكاری هەڵگری خەڵاتی چڵە بەڕووی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی كان، لە دوای نمایشی فیلمی سینەمایی "شوێنێك بۆ یاری" لە وتەیەكدا گوتی: زۆر زۆر سەرفەراز و بەختەوەر بووم كە ئەم فیلمەم بینی و بەڕاستی ئەوەندە جوان و رێكووپێك بوو، كە بۆ من شوكێك بوو كە دەرهێنەرێكی كورد لە هەرێمی كوردستان فیلمێكی لەو ئاستەدا سازكردووە.
گوتیشی: پأ بە دڵ حەزم لەم فیلمە كرد و لە لایەن خۆمەوە خەڵاتی یۆڵماز گونای كە خەڵاتێكی فەخرییە پێشكەش بە شەوكەت ئەمین كوردی دەكەم.
هەر لە تەنیشت ئەم فیستیڤاڵەدا فاتۆش گونەی لە دیدارێكی تایبەتدا كە سترانبێژی ناوداری كورد گولیستان پەروەر تیایدا ئامادەبوو، چاوی بە شەوكەت ئەمین كەوت و هەست و سۆزی خۆی سەبارەت بە دوایین فیلمی ئەم سینەماكارە كوردە پێی راگەیاند.
فیلمی "شوێنیێك بۆ یاری" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی 15مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی عەڕەبی لە شاری سانفرانسیسكۆ لە وڵاتی ئەمەریكا نمایشكرا و توانی خەڵاتی سەرەكی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری كۆمەڵێك فیلم لە سینەماكارانی سەرتاسەری جیهان لە رۆژانی 13 تا 23ی ئۆكتۆبری 2011 لە شاری سانفرانسیسكۆ بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی كۆمپانیای "نارین فیلم".
مەنسور جیهانی - بۆنەکان
2011-12-31
22:56:53



























