
زۆرجار لەناو میللەتاندا یاخو لەو وڵاتانەی كە ئەگەر نەشمان بینیبێت ئەوا بەهۆی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە ئاشنایەتیمان پێیان هەبووبێت، دەبینین كاتێك كەسێك لەهەر بوارێكدا بێت بتوانێت كارێك بكات كە جیاواز بێت لەكاری كەسانی دیكە یان بەمانایەكی تر لەبوارێكدا داهێنان بكات و ببێتە جێگەی سرنج و بایەخی خەڵك، ئەوا وەك دیاردەیەك ناوی دەهێنن و بگرە زۆرجار بەئەستێرەش ناوی دەبەن، بەتایبەت لەبواری هونەرو وەرزش..هتد
كە بەڕادەیەك باسیان لێوە دەكرێت رەنگە نەك هەر لەناو خۆیاندا، بەڵكو بۆ ئێمەش كە سەدان و هەزاران میل لێیانەوە دوورین دەبنە جێگای سرنج و بایەخدان و تەنانەت بووینەتە هەوادارێكی سەرسەختیشیان، هەموو ئەوانەی كە باسمكرد دەتوانم بڵێم بۆ ئێمەی كورد رێك پێچەوانە بۆتەوە، بەو مانایەی هێندەی لەهەوڵی ئەوەداین كە ئەو هێزو بەهرەو توانایانە تێكبشكێنین و لكەداری بكەین هێندە لەهەوڵی هاندان و بەرەو پێشبردن و گرنگی پێدانی ئەوانەدا نین كە لەناوماندا هەڵدەكەون و بەكاری داهێنەرانە ئاشنامان دەكەن، كە بەداخەوە ئەوا كاریگەرییەكی سلبی نەك تەنیا لەسەر ئاستی گشتی دروستكردووە، بەڵكو لەسەر ئاستی تاكیش كاریگەری خۆی هەبووە.
ئەگەر راستەوخۆ بچمە نێو باسەكەم ئەوا دەتوانم هونەرمەند زەكەریا وەكو دیارترین نمونە بهێنمەوە بۆ نووسینەكەم، زۆرجار لەنووسینەكان و وتارەكاندا ئاماژە بەوەكراوە كە لەسەرەتای 2000ەوە ئەو هونەرمەندە توانی چ كاریگەرییەك لەسەر تاكی كورد دروستبكات و چۆن جارێكی دیكەو بەستایلێكی دیكە بەگوێگرتن لەگۆرانی كوردی ئاشنامان بكاتەوەو گوێگرتنمان لەگۆرانی كوردی بكاتە كەلتور، تەنانەت دڵنیام لەوەی كە كەسمان نییە گوێی لەگۆرانی بگەڕێوەو نەمزانی و چەندین گۆرانی تر نەگرتبێت، كە نەك هەر لای گەورەكان، بەڵكو گۆرانییەكانی وەكو (بەو بەو بەو باوانم) و (نەتبینم)و چەندانی تریش ببونە وێردی سەر زمانی منداڵەكانیشمان، ئەمانە هێندەی گێڕانەوەی مێژووی هونەری هونەرمەند زەكەریا-ن، هێندە پیاهەڵدان و ستایش نین بۆ ئەو، بەڵام ئەوە مێژووەكەو ناتوانین وا بە ئاسانی لەبیری بكەین، دواتر ئەو لەهونەرەكەی بەردەوام بوو، تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت بە بەرهەمی كەم، بەڵام بەكاری جوان چەند ساڵێك جارێك بەئەلبوومێك هونەری كوردیمان دەوڵەمەنتر دەكات و مشتێكی تر دەخاتە سەر خەرواری بەرهەمەكانی.
ئەوەی كە دەمەوێ تیشكی بخەمە سەر ئەو هەموو وتارو نووسین و قەسكردنە بێ بنەمایانەن كە لەچەند ساڵی رابردوودا لەسەر زەكەریا وتراون و نووسراون و تا ئێستاش بەردەوامە، بەبێ گوێدانە هیچ ئیتیكێكی رۆژنامەوانی و هیچ بەهایەكی كۆمەڵایەتی چەندین ناوو ناتۆرەی لێنراوەو قەسەی سەیری بۆ هەڵبەستراوە، بەڵام ئەو وەك بڕوا بەخۆبوونێك بەهونەرەكەیی و بەجەماوەرەكەشی هەرگیز ئەم شتانەی بەهەند وەرنەگرتوەو هیچ كاتێكیشی بۆ وەڵامدانەوەیان تەرخان نەكردووە، چونكە دڵنیایە لەوەی ئەم قسانە وەك بڵقی سەر ئاو وان و رەنگە هەر شایەنی گوێ لێگرتن و خوێندنەوەش نەبن.
سەرەتا باس لەئەرەبێسك و بەتورك بوونی هونەرەكەی دەكرا، بەڵام دوای بینیمان چۆن هونەرمەندانی تریش رێچكەی ئەویان گرت و بەهەمان ستایل كاریان كرد، ئەمەش ئەوەی دەرخست كە ئەوەی ئەو كردوویەتی، داهێنان بووە نەك بەتورك بوون و لاسایی كردنەوە، هەموومان گەواهی ئەو راستییەن كە كلیپەكانیشی بوونە هەوێنی ئەوەی كە ئیتر بۆ كلیپ واز لەناو باخ و ژێر دارەكان بهێنرێت و بەستایلێكی نوێوە كار لەكلیپ بكرێت، ماویەك باس لەوە دەكرا كە لەبەر بازرگانی وازی لەهونەر هێناوە، بەڵام ئەلبوومەكانی (تیلی ناز، گەنجی پیر، لاپەڕەی سپی) ئەم پڕوپاگەندانەشی بەدرۆخستەوە.
ئەگەر زەكەریا بازرگانیشی كردبێت ئەوا دەبێت هەموومان سوپاسی بكەین، چونكە كەس نییە كاتێك كە سەردانی هەولێر دەكات (ناز ستی) بەو هەموو جوانییەوە نەبینێت، لەسلێمانی شوقەكانی (پاك ستی) نەبینێت، ئەو لەجیاتی ئەوەی بازرگانی بەكاری نەشیاوەوە بكات هاتووە سیمای شارەكانمان بۆ جوان دەكات، ئایا ئەمە تاوانە یان جێگای دەستخۆشی؟، بۆ ئەبێ چاومان لەئاست ئەو كارانە هیچ نەبینێت لەجیاتی دەستخۆشی خەتێكی راست و چەپی بەسەردا بهێنین؟.
هونەرمەند زەكەریا كاتێك كە خێزانی هاوسەری پێكەوەنا لەجیاتی ئەوەی كەناڵەكان پیرۆزبایی لەهونەرمەند بكەن و هیوای ژیانێكی خۆشی بۆ بخوازن هەروەك ئەوەی رۆژانە دەبینین كە زۆر بەگرنگی و بایەخەوە هەواڵی ژنهێنان و شووكردنی چەندین هونەرمەندی بیانی و عەرەب و تورك و فارس لەو كەناڵانەی خۆمان بڵاو دەكرێتەوە، كەچی هاتوون تانەو تەشەری لێدەدەن و بەزانیاری بێ بنەما باسی دەكەن.
هەروەك ماوەیەكیشە دەبینین لەو گۆڤارو ماڵپەڕو بڵاوكراوانەدا بەشێوەیەكی بەرنامە دارێژو كار لەسەر كراو هەڵمەتێك لەسەر ئەو هونەرمەندە هەیەو بەشێوەیەكی زۆر نەشیاو هەواڵی سەیر سەیری بۆ دروستدەكرێت و باسی لێوەدەكرێت، من زۆرجار بەخوێندنەوەیان پێدەكەنم و بیر لەوە دەكەمەوە كە ئاخۆ ئەوانەی كە سەرقاڵی ئەم نووسینانەن بۆچی بەخۆیاندا ناچنەوەو بیر لەخۆیان ناكەنەوە، بەوەی كە بەراستی زەكەریا خاوەنی كەسایەتییەكی ئەوەندە گرنگە، كە رەنگە لەچاو ئەو هونەرمەندانەی تر كەمترین بەرهەمیشی هەبێت لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا، بەڵام بەهۆی سەركەوتوویی و ناوبانگی، هێندەی باس لەو دەكرێت هێندە ناوی ئەوانەی دیكە ناهێنرێت، ئەگەر زەكەریا وەكو هەر هونەرمەندێكی تر بووایە ئەوا بەدڵنیاییەوە كەس ناوی نەدەهێناو بەلای كەسیشەوە گرنگ نەدەبوو، بەڵام ئەوا گەورەیی و ناوبانگی ئەوە كە وایكردووە كاتێك هەواڵێك یان چالاكییەكی ئەو هەبێت هێندە بەپەلە بڵاوی دەكەنەوە وەك ئەوەی هەنگیان لەداردا دۆزیبێتەوە.
هەموومان دڵنیاین ئەوانەی كە ئەو بابەت و نووسینانە بڵاودەكەنەوە تەنیا بۆ پڕ فرۆشی بڵاوكراوەو گۆڤارەكان و سەردانی زیاتری ماڵپەڕەكانیانە، كە بەداخەوە بەهۆی ناراستی زانیارییەكانیان لەناو نووسینەكاندا زۆربەیان بەناوی خوازراوەوە ئەو بابەتانە بڵاودەكەنەوە نەك ناوی خۆیان، دڵنیاشین لەوەی كە زەكەریا هەرگیز لەهونەركەی دانابڕێت و لەناو جەماوەرەكەشی هەمیشە لەریزی پێشەوەیە، ئەوانەی كە هەوڵی شاردنەوەی رووناكیشدەدەن و دەیانەوێت بەری رۆژ بەبێژینگ بگرن، ئەوا لەوەهمدا دەژین و هەوڵەكانیان تا بەر پێی خۆشیان بڕ ناكات.
نووسینی : باوان ئەحمەد
بۆنەکان بەرپرس نیە لە ناوەڕۆکی هیچ گووتارێک
2012-01-19
19:25:18



























